ناس کورد-
هاوپەیمانی هیوا چوار مەرجی گەڵاڵەكردووە بۆ هەر دەقێك كە لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێمەوە گەڵاڵەبكرێت، هاوكات لەگەڵ چەقبەستنی دانوستانەكانی پەیوەست بە بودجەی 2021 لە نێوان هەرێم و بەغدا بەهۆی ناكۆكییە نەوتییەكان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
پەرلەمانتاری كۆمەڵی دادگەری كوردستان و ئەندام لە هاوپەیمانێتی هیوا، ئەحمەد حاجی ڕەشید، بە "ناس كورد" راگەیاند (24 شوباتی 2021) هێشتا فراكسیۆنە شیعەكان هیچ دەقێكی جێگرەوەیان بۆ دەقەكەی حكومەت لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێم ڕادەستی لیژنەی دارایی نەكردووە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی پەرلەمانتارانی هاوپەیمانێتی هیوا پێیانوایە هەر دەقێكی جێگرەوە یان هەر پێشنیارێكی چارەسەر دەبێت چوار بنەمای سەرەكی ڕەچاو بكات.
لەبارەی ناوەڕۆكی ئەو بنەمایانەشەوە، ئەحمەد حاجی ڕەشد، هێمای بۆ ئەوەكرد ئەوان سوورن لەسەر ئەوەی چارەسەرەكان یەكەم، دەستوری بن، دووەم هاوتای یاسا بەركارەكان بن، سێیەم كردەیی بن و قابیلی جێبەجێكردن بن، هەروەها لەگەڵ بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلانی عێراق و گەلی كوردستاندا تەبابن و دادگەری تێدا بێت.
رۆژنامەى ئەلمەداى عێراقى دوێنێ ئاشکرایکرد، هێزە شیعییەکان پێشنیازێکى شاندى دانوستانکارى هەرێمیان رەتکردووەتەوە بۆ دواخستنى گفتوگۆکانى پەیوەست بە نەوت بۆ دواى پەسەندکردنى بودجە.
رۆژنامەکە لە راپۆرتێکدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە بڵاویکردووەتەوە، پاکتاوى ژمێرە داراییەکانى نێوان هەرێم و بەغدا لە 2014-2020 هێشتا جێگەى مشتومڕن و لە دانوستانەکان یەکلایی نەبووتەوە.
ئاماژەى بەوەکرووە، شیعەکان پیشنیازیان کردووە ئەو بڕگەیە دوابخرێت بۆ دەنگدان لەناو پەرلەمان، لایەنە کوردییەکانیش رەتیانکردووەتەوە.
بەپێی رۆژنامەکە، هێزە شیعییەکان بەشاندى کوردیان راگەیاندووە سەپاندنى ئیرادە و ئەمرى واقیع لە پڕۆژەى بودجە قبوڵ ناکەن.
محەمەد بەلداوى فەتحى حەشدى شەعبى وتى "هێزە شیعییەکان پێداگرن لەسەر ئەوەى هەرێم حکومەتى فیدراڵى و چاودێرى داریی ئاگاداربگاتەوە لە ژمارەى راستەقینەى موچەخۆر و بەنیشتمانیکردنى موچەکانیان، بەمەرجیان گرتووە سۆمۆ ئەرکى فرۆشتن و هەناردەى نەوتى هەرێم لە ئەستۆ بگرێت، بۆ ئەوەش چاوەڕوێی پابەندى و راى شاندى هەرێمن".