گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری و وردەکاری

ناسنامەی تەرمەکەى بەردەم نەخۆشخانەى شار ئاشکرابوو

2021.02.24 - 13:48
App store icon Play store icon Play store icon
ناسنامەی تەرمەکەى بەردەم نەخۆشخانەى شار ئاشکرابوو

ناس کورد-

پۆلیسی سلێمانی ناسنامەی ئەو کەسە ئاشکرا دەکات کە ڕۆژی سێشەممە تەرمەکەی لە بەردەم نەخۆشخانەى شار دۆزرایەوە و دەڵێت، "بەهۆی جەڵتەوە کۆچی دوایی کردووە".

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" (24ی شوباتی 2021) ڕایگەیاند، ئەو کەسەی دوێنێ تەرمەکەی دۆزرایەوە ناسراوەتەوە و کەسوکاری سەردانی کردووین و ناسنامەی ئاشکراکراوە و ناوی (وریا محەمەد)ـە و لە دایکبوونی 1969یە و خەڵکی سلێمانییە.

 

وتیشى، ئەو کەسە ماوەیەکە لە ماڵەوە دابڕاوە و لە دەرەوە دەمایەوە و خێزان و منداڵی نەبووە، ئەو شەوە لە ژێر پردەکەی دەباشان بووە و بەهۆی جەڵتە کۆچی دوایی کردووە.

 

سەرکەوت ئەحمەد باسی لەوەشکرد، دوای ئاگادارکردنەوەیان تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادوەری سلیمانی کراوەو دواتر کەس و کاری سەردانیان کردوون و ناسنامەکەی ئاشکرا کراوەو دواتر تەرمەکەی ڕادەستی کەس و کاری کراوە.

رۆژی سێ شەممە 24ی شوباتی 2021 لە نزیک نەخۆشخانەی شار لە ژێر پردی دەباشان، تەرمێکى نەناسراو دۆزرایەوە کە ماوەى چەند رۆژێک بوو بەردەم نەخۆشخانەکەی کردبووە شوێنى مانەوەى.


خالید محەمەد کارگێڕى نەخۆشخانەى شار بە "ناس کورد" ى راگەیاند، پێشتر ئەو کەسە براوەتە نەخۆشخانە و سەرجەم پشکنینەکانى بۆ کراوە و دەرکەوتووە کە هیچ کێشەیەکى تەندروستى نییە، پێشتریش چەند جارێکى تر براوەتە نەخۆشخانە و پشکنینى بۆ کراوە.


کەسێکى دیکە کە لە بەردەم نەخۆشخانەکە کار دەکات بۆ "ناس کورد" وتى "بەیانى کەهاتم بینیم تەرمێک کەوتووە، تەلەفۆنمان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، بەڵام بەداخەوە کەمێک درەنگ هاتن بۆ هەڵگرتنەوەى تەرمەکە".



وتیشى "ئەو پیاوە دوو رۆژە لێرەیە و زۆرجار یارمەتیمان داوە، کەس نەهاتووە بەلایەوە خێرخواز یارمەتى دەدا کورد بوو، ئێوارە پۆلیس هێناویەتى و پشکنینیان بۆ کردووە و وتویانە هیچى نییە".



بەوتەى ئەو کەسانەى "ناس کورد" قسەى لەگەڵ کردوون لەبەردەم نەخۆشخانەى شار، ئەو پیاوە تەمەنى لە پەنجاکاندا بووە، بەڵام هیچ شتێک لەبارەى ناسنامەیەوە نازانرێت، چونکە هیچ ناسنامەیەکى پێ نەبووە.



سامان نادر بەڕێوەبەرى سەنتەرى هەماهەنگى فریاکەوتنى سلێمانى بە "ناس کورد" ى راگەیاند، تەرمەکە رەوانەى پزیشکى داد کراوە و تا ئێستا هیچ شتێک لەبارەى ناسنامەیەوە نازانرێت.