ناس کورد-
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم تاوتوێی دوا پێشھات و ڕێڕەوی گفتوگۆكان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی سەبارەت بە پرسی بودجە و شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 کرد و جەختی کردەوە کە "بەردەوامن لە دانوستاندنەكان و ئێستا ئامادەییەکی باشتر ھەیە بۆ چارەسەركردنی ئەم بابەتە."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ی شوباتی 2021، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەن کۆبووەوە.
لە ڕاگەیەنراوێکدا کە کۆپییەکی دەستی "ناس کورد" کەوتووە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەڵێت، جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆكی شاندی دانوستاندكار دوا پێشھات و رێڕەوی گفتوگۆكان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی سەبارەت بە پرسی بودجە و شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2021، خستەڕوو، هاوکات "جەختی لەوەش كردەوە كە بەردەوامن لە دانوستاندنەكان و ئێستا ئامادەییەکی باشتر ھەیە بۆ چارەسەر كردنی ئەم بابەتە."
دەشڵێت، پاشان ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان تیشکیان خستە سەر دوایین ئامادەکارییەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 و ئاماژەیان بەوەکرد کە "زۆربەی داتاکانی وەزارەتەکان ئامادە کراوە بۆ ئەوەی بودجەیەکی شەفاف و واقیعی ئامادە بکرێت."
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری پلاندانان ڕەشنووسی پڕۆژە پەیڕەوی هاوبەشیکردنی نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو، "دوای گفتوکۆ و ڕاگۆڕینەوە، پەیڕەوەکە پەسەند کرا."
هەروەها پەسەندکردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا کە لە لایەن کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا خرایەڕوو.
لە دوا تەوەری کۆبوونەوەکەدا، بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە ڤایرۆسی گۆڕاوی کۆرۆنا و پلانی وەزارەتەکەی دەربارەی ڕێکارە تەندروستییەکان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەم جۆرە گۆڕاوەی ڤایرۆسەکە خستەڕوو.
دواتر ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە "دڵنیایی دا لەسەر بەردەوامبوونی خوێندن بە مەرجی ڕەچاوکردنی ڕێکارە تەندروستیەکان لە پێناو پاراستنی سەلامەتی و ژیانی قوتابیان و خوێندکاران ومامۆستایان و کارمەندانی پەروەردە و ناوەندەکانی خوێندن."