گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەمریکا بەنهێنی دیلەکانی داعشى گواستۆتەوە بۆ عێراق

چەکدارە دیلەکانی داعش لەنێوان سوریا و عێراق چارەنوسیان نادیارە

2019.05.30 - 09:27
چەکدارە دیلەکانی داعش لەنێوان سوریا و عێراق چارەنوسیان نادیارە
ناس کورد- بەگوێرەى هەواڵێکى ئاژانسى ڕۆیتەرز، زانیاریەکانی دەزگا هەواڵگرییەکانی عێراق ئەوەیان خستۆتەڕوو تا ئێستا چارەنووسی هەزاران چەکداری داعش کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە بە دیل گیراون بە نادیارى ماوەتەوە، ئەوەش ئاشکرا کراوە، ئەمریکا بەنهێنى دیلەکانى داعشى لە سوریاوە گواستۆتەوە بۆ عێراق. . کاپتن بێڵ ئۆربان وتەبێژی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا و عێراق بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە: "ئەو دیلانەى داعش کە ئێستا لاى هەسەدەن کێشەیەکى گەورەن، ئەمریکا داوای لە وڵاتە ئەوروپییەکان کردووە بەرپرسیارێتی خۆیان بنوێنن بەرامبەر ئەو چەکدارانەی کە هەڵگری ڕەگەزنامەی ولاتەکانیانن، چونکە ئەگەر ئەو وڵاتانە ڕێکارەکان نەگرنە بەر، مەترسی ئەوە هەیە جارێکی تر تێوەگلێنەوە بە کاری تیرۆرستی". .   ئاژانسى ڕۆیتەرز ئاشکراى کردووە: "بە پێی سەرچاوە عێراقییەکان، هێزەکانی ئەمریکا لەنێوان ساڵانی 2017 بۆ 2018، 30 چەکداری داعشی لە سوریاوە کە لەلایەن هەسەدەوە بە دیل گیراون گواستۆتەوە بۆ عێراق، لەو ژمارەیەش سێ چەکداریان لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە فەرمانی لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، پێنج چەکداریشان زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێندراوە". . بەپێى  زانیارییەکانی ئەو ئاژانسە، ئەو چەکدارانەی داعش کە لە سوریا بە دیل گیراون، سەرەتا ڕەوانەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا کراون  لە "هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئەردەن"، بۆ لێکۆڵینەوە دەستکەوتنی زانیاری، دواتر ڕادەستى عێراق کراون. . هەسەدە ڕەوانکردنی چەکدارە دیلەکانی داعشی لەلایەن ئەمریکاوە بۆ عێراق پشتراست کردەوە، هۆکارەکەشی گەڕاندۆتەوە بۆ نەبوونی دەزگایەکی تۆکمەی دادوەرى تایبەت بە خۆی. . .