گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەرهەم ساڵح: ڕەنگە چەکدارە بیانییەکانی داعش لە عێراق لە سێدارەبدرێن

2019.03.08 - 09:31
بەرهەم ساڵح: ڕەنگە چەکدارە بیانییەکانی داعش لە عێراق لە سێدارەبدرێن

 

ناس کورد-

 

سەرۆک کۆماری عێراق ڕایدەگەیەنێت ئەو چەکدارە بیانیانەی داعش کە دەستگیرکراون لەسەر خاکی عێراق، بەپێی یاساکان دادگایی دەکرێن و ڕەنگە ڕووبەرووی سزای لەسێدارەدان ببەنەوە.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "ناشیوناڵ" کە بە زمانی ئینگلیزیی لە شاری ئەبوزەبی ئیمارات دەردەچێت، بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لە وەڵامی پرسیاری چارەنووسی چەکدارە بیانییەکانی داعش کە دەسگیرکراون دەڵێت: "ئەوانە بەپێی یاساکانی عێراق دادگایی دەکرێن، ڕەنگە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا بسەپێنرێت ئەگەر بەو سزایە حوکمدران."

لە دوای کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەکانی کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی عێراق لەدەست داعش، بەسەدان چەکداری بیانی داعش بە دیلی کەوتنە دەست حکومەتی عێراقەوە، وڵاتە بیانییەکانیش ئامادەنین ئەو چەکدارانە وەربگرنەوە.

مانگی ڕابردووش هێزەکانی سوریای دیموکرات 280 چەکداری دیکەی عێراقی و بیانییان ڕادەستی بەغدا کردەوە، پێدەچێت ئەو ژمارەیە بۆ 500 دیل بەرزببێتەوە بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی لەنێوان هەسەدە و سوپای عێراقدا هەیە.

پێشتریش عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەوبارەیەوە ڕایگەیاندبوو کە عێراق یان هاوکاردەبێت بۆ گەڕانەوەی چەکدارە بیانییەکان بۆ وڵاتەکانی خۆیان، یاخود بەهۆی ئەنجامدانی تاوان دژی عێراقییەکان خۆیان دادگاییان دەکەن.

بەپێی یاساکانی عێراق، ئەگەری زۆرە ئەو چەکدارانە ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان ببنەوە.