ناس کورد- ئاهەنگ حسێن
هه‌راسانكردنى خانمان له‌سه‌ر كاره‌كه‌یان به‌شێوه‌یه‌كى گشتى، له‌نێو میدیادا به‌شێوه‌یه‌كى تایبه‌تى یه‌كێكه له‌و بابه‌تانه‌ى كه ئێستا له جیهاندا په‌ره‌ى سه‌ندووه و جێگه‌ى قسه و باسه، له هه‌رێمى كوردستان و عێراقیشدا ئه‌م بابه‌ته به‌شێوه‌یه‌كى فراوان له په‌ره‌سه‌نددایه، به‌شێوه‌یه‌ك به‌پێى نوێترین راپرسى كه له چوارچێوه‌ى پرۆژەی "دەنگەکانمان" بە هاوکاریی ڕێکخراوی پاو (PAO)، ئەنجامادراوه و 323 خانمى چالاكوان و رۆژنامه‌نووسى هه‌رێمى كوردستان به‌شدارییان تێدا كردووه، "62%ى ئه‌و خانمانه کۆمێنتی سێکسى و هەراسانکارییان ڕۆژانه بۆ ده‌نوسرێت".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
شیرین محه‌مه‌د، كچه رۆژنامه‌نووسێكى ته‌مه‌ن 28 ساڵانه و ناچاره به‌هۆى كاره‌كه‌یه‌وه ڕۆژانه ته‌له‌فۆن بۆ به‌رپرسان و چه‌ندین كه‌س له چین و توێژه جیاوازه‌كان بكات و به‌ركه‌وتنى له‌گه‌ڵ كه‌سانى جیاواز هه‌بێت، به‌ڵام به‌هه‌مان هۆكار ڕۆژانه تووشى هه‌راسانكردن ده‌بێته‌وه.
ئێوارەیەک، ئەو کاتەی کە لە ماڵەکەی خۆیاندا لەگەڵ هاوسەرەکەی دانیشتبوون، لە پڕ نامەیەک بۆ مۆبایلەکەی دێت و تێیدا نووسراوە "من بیرى تۆ ئه‌كه‌م". شیرین خۆى درێژه‌ى چیرۆكه‌كه‌ى باس ده‌كات و ده‌ڵێت، "بە هۆی سروشتی کارەکەمەوە، ڕۆژانە به‌ركه‌وتنم له‌گه‌ڵ كه‌سانى جیاواز هه‌بێت، ته‌له‌فۆن بۆ كه‌سانى جیاواز بكه‌م، ئه‌و كه‌سه‌ى ئه‌و شه‌وه كه نامه‌ى بۆ ناردم، یه‌كێكه له‌وانه‌ى كه پێشتر بۆ ئاماده‌كردنى ڕاپۆرتێك ته‌له‌فۆنم بۆ كردبوو، ئه‌م كه‌سه پێش ئه‌وه‌ى ئه‌و شه‌وه ئه‌و نامه‌یه‌م بۆ بنێرێت، داواى په‌یوه‌ندیى لێكردم و داواشى لێكردم بچینه‌ده‌ره‌وه، به‌ڵام من ئه‌مه‌م قبوڵ نه‌كرد و هاوسه‌ره‌كه‌مم لێ ئاگادار كرده‌وه و بێده‌نگ نه‌بووم، ئه‌و شه‌وه‌ش كه نامه‌كه‌ى بۆ ناردم هاوسه‌ره‌كه‌م ته‌له‌فۆنى بۆ كرد و رووبه‌ڕووى ئه‌و كاره نه‌شیاوه‌ى بوویه‌وه، به‌نیازیشم كه‌یسه‌كه‌م به‌رمه دادگا".
شیرین تاكه قوربانى نییه، به‌ڵكو زۆرن ئه‌و كه‌سانه‌ى كه چیرۆكه‌كه‌یان هاوشێوه‌ى ئه‌وه، دونیا كه‌ریم، كچێكى ته‌مه‌ن 34 ساڵانه و هاوسه‌رگیرى نه‌كردووه، یه‌كێكه له قوربانییه‌كانى گێچه‌ڵى سێكسى، ئه‌و له شارى سلێمانى ژیان به‌سه‌رده‌بات، له باره‌ى چیرۆكه‌كه‌یه‌وه ده‌ڵێت، "سه‌ره‌تاى چیرۆكى من و ئه‌و كه‌سه‌ى كه ویستى ده‌ستدرێژى بكاته سه‌رم له‌وه‌وه ده‌ستیپێكرد به‌بیانووى گۆڕینه‌وه‌ى زانیارى كاره‌كه‌مان له تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبوك له‌گه‌ڵ یه‌كترى بووینه هاوڕێ، ئه‌و كاتانه‌ى به‌هۆى كاره‌كه‌مه‌وه قسه‌مان ده‌كرد، له نامه‌كاندا بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ چه‌ندین وشەی بۆ خۆنزیکردنەوە و هەراسانکردنم به‌كارده‌هێنا، به‌ڵام من كاردانه‌وه‌م بۆ وشه‌كانى نه‌بوو و وا نیشانمده‌دا كه ئه‌مه به‌شێكه له رێز نواندنى خۆى".
دونیا كه ئێستا به‌هۆى ئه‌و رووداوه‌ى به‌سه‌رى هاتووه وازى له كاره‌كه‌ى هێناوه درێژه به گێڕانه‌وه‌ى چیرۆكه‌كه‌ى ده‌دات و ده‌ڵێت: "ئێواره‌یه‌كیان كات دره‌نگى كردبوو، به‌هۆى كاره‌وه ئێمه مابووینه‌وه، من و ئه‌و كه‌سه كه كاره‌كه‌مان ته‌واوبوو ویستمان بچینه‌وه ماڵه‌وه، من ئۆتۆمبێلم نه‌بوو و ته‌كسیشم ده‌ستنه‌كه‌وت، ئه‌ویش جه‌ختى كرده‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى، ئێواره‌یه و دره‌نگه خۆى ده‌مگه‌یه‌نه‌ته ماڵه‌وه، منیش رازیبووم، له‌ڕێگا چه‌ند پرسیارێكى لێكردم، وتى: بۆچى تا ئێستا ته‌نیایت و هاوسه‌رگیریت نه‌كردووه؟ منیش به‌ڕێزه‌وه وه‌ڵامم دایه‌وه، به‌ڵام دواى ئه‌وه رێڕه‌وى قسه‌كانى گۆڕى ویستى ده‌ستدرێژیم بكاته سه‌ر، منیش خۆمم لێ دورخسته‌وه و وتم: ئه‌گه‌ر ئۆتۆمبێله‌كه نه‌وه‌ستێنیت، هاوار ده‌كه‌م، به‌ڵام رووداوه‌كه له‌ویا كۆتایی نه‌هات".
ئه‌م خانمه كه یه‌كێكه له قوربانییه‌كانى گێچه‌ڵسى سێكسى، زیاتر باس له چیرۆكه‌كه‌ى ده‌كات و پێوایه ئەمە جۆرێکە لە شکاندن و لەکەدارکردنی کەسایەتی لەناو کۆمەڵگە. زیاتر درێژە بە چیرۆکەکەی دەدات و دەڵێت "دواى ئه‌و ئێواره‌یه ئه‌و كه‌سه ڕقئه‌ستوورتربوو به‌رامبه‌ر به من، ده‌یزانى كه من ملكه‌چناكه‌م بۆ خواسته‌كانى، بۆیه رۆژانه به‌شێوه‌ى جیاواز گێچه‌ڵى پێده‌كردم، ناچاریده‌كردم بچمه ژووره‌كه‌ى كارى له‌گه‌ڵ بكه‌ن و به‌ركه‌وتم له‌گه‌ڵى هه‌بێت، منیش ئیتر نه‌متوانى له‌و دۆخه ده‌روونییه سه‌خته‌ى كه بۆى دروستكردبووم به‌رده‌وام بم، ناچار ده‌ستم له‌كاركێشایه‌وه".
"به‌شێكى زۆرى ئه‌و ده‌زگا راگه‌یاندنانه‌ى كه دورستده‌كرێن ئاگادارى په‌یماننامه‌ى شه‌ره‌فى رۆژنامه‌نووسانى سه‌ربه فیدراسیۆنى نێوده‌وڵه‌تى رۆژنامه‌نووسان نین"
نیاز عه‌بدوڵا، راهێنه‌رى بوارى مافه‌كانى رۆژنامه‌نووسان كه هاوكات نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسه باس له هۆكاره‌كانى هه‌راسانكردن ده‌كات و ده‌ڵێت: "هۆكاره‌كانى پشت روودانى ئه‌م حاڵه‌تانه زۆرن، به‌ڵام سه‌ره‌كیترینییان بریتین له‌وه‌ى، به‌شێكى زۆرى ئه‌و ده‌زگا راگه‌یاندنانه‌ى كه دورستده‌كرێن ئاگادارى په‌یماننامه‌ى شه‌ره‌فى رۆژنامه‌نووسانى سه‌ربه فیدراسیۆنى نێوده‌وڵه‌تى رۆژنامه‌نووسان نین، زۆرجار هه‌ر خۆشیان په‌یماننامه‌ى شه‌ره‌فیان نییه، نه‌بوونى گرێبه‌ست یه‌كێكى تره له هۆكاره‌كان كه به‌شى زۆرى ده‌زگاكانى راگه‌یاندن گرێبه‌ستى كاركردنیان نییه، ئه‌وانه‌شى كه هه‌یانه له‌نێو گرێبه‌سته‌كه‌دا هیچ خاڵێك نییه كه پاراستنى ئه‌و رۆژنامه‌نووسه جا كچ بێت یان كوڕ ده‌سته‌به‌رى بكات، كه ئه‌وه یه‌كێكه له خاڵه‌كانى یاساى رۆژنامه‌گه‌رى كوردى، پاشان بیناى ئه‌م ده‌زگایانه به‌پێى پێوه‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دروستنه‌كراون له‌ڕووى ئه‌ندازیارییه‌وه، چونكه به‌پێى پێوه‌ره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌زگاكان پێویسته به شوشه ژووره‌كانى ناوه‌وه‌یان جیابكرێنه‌وه، شوێنى تاریك و په‌نهانیان نه‌بێت، كاركردن و دانیشتن تێیاندا به گروپ بێت، بۆ ئه‌وه‌ى نه‌بنه هانده‌ر بۆ هه‌راسانكرن".
ئه‌و خانمه چالاكوان و رۆژنامه‌نووسه پێیوایه كه‌مبوونه‌وه‌ى ده‌نگى ئازاد و ده‌زگا میدیاییه سه‌ربه‌خۆكان یه‌كێكه له پاڵنه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانى هه‌راسانكردن و ئاماژه به‌وه‌ده‌كات: "ماوه‌ى چه‌ندین ساڵه حزبه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ن كه له‌ڕووى ماددى و مه‌عنه‌وییه‌وه ده‌زگا سه‌ربه‌خۆكان مایه‌پووچبكه‌ن، له به‌رامبه‌ردا كۆمه‌ڵێك ده‌زگاى سێبه‌ریان بۆ خۆیان دروستكردووه، ئه‌م ده‌زگایانه بوونه‌ته مه‌یدانى كه‌سانى ناشاره‌زا و تێنه‌گه‌یشتوو له پیشه‌ى رۆژنامه‌وانى و ئه‌نجامه‌كه‌شى ئه‌وه‌یه كه رۆژانه ده‌بینرێت".
نیاز عه‌بدوڵا بێمتمانه‌یی و نه‌بوونى لایه‌نێكى سه‌ربه‌خۆ كه به‌رگریی له‌و خانمه رۆژنامه‌نووسانه‌ى كه تووشى هه‌راسانكردن ده‌بنه‌وه به یه‌كێكى تر له نه‌نگییه‌كانى ئه‌م بابه‌ته ده‌زانێت و باس له‌وه ده‌كات: "ئێستا له هه‌رێمى كوردستان هیچ پێگه و رێكخراوێك نییه كه به‌رگریی له خانمانى رۆژنامه‌نووس بكات له‌ڕووى یاساییه‌وه و كه‌یسه‌كه‌یان بپارێزێت، له‌به‌ر ئه‌وه بێمتمانه‌یی هه‌یه و ئه‌و خاتوونانه‌ى تووشى ئه‌م حاڵه‌ته ده‌بن ناچار بێده‌نگبن".
هاوكات نه‌زاكه‌ت حسێن، سكرتێرى لیژنه‌ى داكۆكى له مافى رۆژنامه‌نووسان له سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسانى كوردستان له‌باره‌ى حاڵه‌ته‌كانى گێچه‌ڵى سێسكى به‌رامبه‌ر خانمانى رۆژنامه‌نووس ده‌ڵێت: "ئێمه له سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسان ئاگادارى ئه‌م بابه‌ته‌ین، له ماوه‌ى رابردوودا راپرسییه‌كمان ئه‌نجامدا، كه تێیدا 70 رۆژنامه‌نووسى چالاك به‌شداربوون، له ئه‌نجامدا بۆمان ده‌ركه‌وت كه 50% ئه‌و خانمه رۆژنامه‌نووسانه رووبه‌ڕووى شێوه‌ى جیاوازى گێچه‌ڵى سێكسى ده‌بنه‌وه، كه‌یسمان هه‌یه كه داواى په‌یوه‌ندى سێكسى لێكراوه، هه‌مانه داواى لێكراوه به داواكارى له ده‌ره‌وه‌ى چوارچێوه‌ى كاره‌كه‌ى رازیبێت، كه‌یسمان هه‌یه پێشنیارى به‌ره‌وپێشچوونى زیاترى له كاره‌كه‌ى پێدراوه له‌به‌رامبه‌ر رازیبوون به په‌یوه‌ندى و كه‌یسیشمان هه‌یه كه ده‌ستدرێژى كراوه‌ته سه‌ر و به‌ڵێنى گه‌وره‌ى پێدراوه له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و كاره، به‌ڵام له كۆتایشدا ده‌ركراوه".
"به‌داخه‌وه كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى هه‌ستیاره بۆ ئه‌م بابه‌تانه، له‌به‌ر ئه‌وه زۆرینه‌ى ئه‌و كه‌یسانه‌ى كه ئه‌م حاڵه‌تانه‌یان رووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه ناچارن به نهێنى بیهێڵنه‌وه و سكاڵا تۆمار نه‌كه‌ن"
سكرتێرى لیژنه‌ى داكۆكى له مافى رۆژنامه‌نووسان له سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسانى كوردستان له وه‌ڵامى ئه‌وه‌ى تا چه‌ند خانمانى رۆژنامه‌نووس هۆشیارن و سكاڵا تۆمارده‌كه‌ن له‌و حاڵه‌تانه‌ى كه رووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه؟ بۆچى هاوشێوه‌كانى دونیا په‌نا بۆ دادگا نابه‌ن ئاماژه به‌وه‌ده‌كات: "به‌داخه‌وه كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى هه‌ستیاره بۆ ئه‌م بابه‌تانه، له‌به‌ر ئه‌وه زۆرینه‌ى ئه‌و كه‌یسانه‌ى كه ئه‌م حاڵه‌تانه‌یان رووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه ناچارن به نهێنى بیهێڵنه‌وه و سكاڵا تۆمار نه‌كه‌ن، پاشان نابێت ئه‌وه‌شمان له‌بیر بچێت كه كارى رۆژنامه‌وانى به گشتى و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌م حاڵه‌تانه له هه‌رێمى كوردستان به یاسا رێكنه‌خراوه، له وڵاتانى ئه‌وروپا كه رۆژنامه‌نووسێك كارده‌كات یاسایه‌كیش هه‌یه كه به‌رگریی لێبكات، به‌ڵام لێره، به‌پێى مه‌زاج (دۆخى ده‌روونى) به‌ڕێوه‌به‌رى ده‌زگاكه‌یه، ده‌توانێت ده‌رتبكات، هه‌ڕه‌شه‌ت لێبكات، مووچه‌كه‌ت ببڕێت و بێزارت بكات".
به‌پێى راپۆرتى ژماره (25 بۆ 26)ى لیژنەی داکۆکیكردن لە ئازادی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان لە کوردستان كه له كۆتایی ساڵى 2020 ئاماده‌كراوه، "ئه‌و خانمانه‌ى كه رووبه‌ڕووى گێچه‌ڵى سێكسى ده‌بنه‌وه له ده‌زگا میدیاییه‌كاندا به پله‌ى یه‌كه‌م ئه‌وانه‌ن كه ته‌مه‌نیان له نێوان 20 بۆ 30 ساڵیدایه، به پله‌ى دووه‌میش ئه‌و خانمانه دێن كه ته‌مه‌نیان له‌نێوان 30 بۆ 40 ساڵیدایه، هیچ جیاوازییه‌كش نییه له‌نێو ئه‌و ده‌زگا میدیاییانه‌ى كه سه‌ربه حزبه‌كانن یان سه‌ربه‌خۆن له‌ڕووى ئه‌م بابه‌ته‌وه".
به وته‌ى نه‌زاكه‌ت حسێن، "ئه‌م بابه‌ته له هه‌رێمى كوردستان له حاڵه‌ته‌وه بووه‌ته دیارده"، به‌ڵام عێراق وه‌ك كۆى وڵاته‌كه كه كوردستان هه‌رێمێكه له چوارچێوه‌یدا له‌م بابه‌ته بێبه‌ش نییه، خانمه رۆژنامه‌نووسانى عێراقیش به‌هه‌مانشێوه ئه‌م حاڵه‌ته‌یان رووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه.
ئه‌میره جابرى، خانمه پێشكه‌شكارێكى عێراقییه له به‌غدا، به‌هۆى ئه‌وه‌ى ره‌تیكردووه‌ته‌وه په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌رى كه‌ناڵه‌كه‌ى هه‌بێت له كاركه‌ى دوورخراوه‌ته‌وه، ئه‌و كه به‌هۆى كاره‌كه‌یه‌وه بژێوى ژیانى كچه تاقانه‌كه‌ى و دایكى دابینده‌كات باسى لە كه‌یسه‌كه‌ى ده‌كات و ده‌ڵێت: "من ناترسم له‌وه‌ى ناوم ده‌ربكه‌وێت و پێچه‌وانه‌ى كچه رۆژنامه‌نووسه‌كانى تر له دادگا سكاڵام تۆماركرد، به‌ڵگه‌ى ئه‌و كاره نه‌شیاوه‌ى كه به‌رامبه‌رمكراوه پێشكه‌شى دادگام كرد، به‌ڵام به‌داخه‌وه تا ئێستاش كه‌یسه‌كه‌م به‌و شێوه‌یه‌ى كه پێویسته نه‌چووه‌ته پێشه‌وه، به‌ڵام دووباره په‌شیمان نیم، كاتى ئه‌وه هاتووه ئه‌م مرۆڤه دزێوانه بدرێنه دادگا".
به‌پێى ئامارێك كه له ساڵى 2020 له چوارچێوه‌ى راپۆرتێكدا له پێگه‌ى (الرسف) بڵاوكراوه‌ته‌وه و 100 خانمه رۆژنامه‌نووس به‌شدارییان تێدا كردووه له سه‌رانسه‌رى عێرق، "54% ئه‌و خانمانه قوربانى گێچه‌ڵى سێكسین، 67% به‌شێوه‌ى زاره‌كى گێچه‌ڵیان پێكراوه، 22% ده‌ستدرێژییان كراوه‌ته سه‌ر".
گۆڕ‌انى ئه‌م بابه‌ته له حاڵه‌ته‌وه بۆ دیارده و هه‌ڵكشانى زیاترى ژماره‌كان، وایكردووه سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسانى كوردستان رێكارى پێویست بگرێته به‌ر بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى له‌و باره‌یه‌وه، سكرتێرى لیژنه‌ى داكۆكى له مافى رۆژنامه‌نووسان له سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسانى كوردستان ئاشكرای ده‌كات: "ئێمه له ئێستادا ده‌رگایه‌كمان كردووه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى خانمانى رۆژنامه‌نووس به‌بێ ئه‌وه‌ى ناویان ده‌ربكه‌وێت له‌ڕێگه‌ى راپرسییه‌كانه‌وه حاڵه‌ته‌مانمان بۆ ده‌ستنیشان بكه‌ن، له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى رۆشنبیرى له په‌رله‌مانى كوردستان كۆبووینه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م بابه‌ته له‌ڕووى یاسایشه‌وه پرۆژه‌ى بۆ پێشكه‌شبكرێت، ئه‌مه سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ رێكخراوه په‌یوه‌ندیداره‌كانى تایبه‌ت به داكۆكى له مافى رۆژنامه‌نووسان گفتوگۆمان كردووه بۆ ئه‌وه‌ى له‌ڕێگه‌ى پرۆژه‌یه‌كى تایبه‌ته‌وه هه‌م رۆژنامه‌نووسان هۆشیار بكه‌ینه‌وه هه‌میش رێگه له هه‌ڵكشانى ئاماره‌كانى بگرین".
"پێویسته خانمانى رۆژنامه‌نووس بێده‌نگ نه‌بن له‌م حاڵه‌تانه، چونكه ئه‌و كه‌سه‌ى ماف به‌خۆى ده‌دات ئه‌و كاره بكات، رۆژنامه‌نووس نییه و مافیایه، جێگه‌ى سه‌رجه‌م مافیاكانیش زیندانه نه‌وه‌ك ده‌زگاكانى راگه‌یاندن"
هاوكات نیاز عه‌بدوڵا كه به وته‌ى خۆى، " 17 ساڵه له دونیای رۆژنامه‌وانى كوردیدا كارده‌كات" له‌باره‌ى چاره‌سه‌رییه‌كانه‌وه ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو: "پێویسته خانمانى رۆژنامه‌وان رۆشنبیربن و ته‌نیا بۆ ده‌ركه‌وتن له‌سه‌ر شاشه‌كان هه‌وڵنه‌ده‌ن، به‌ڵكو خوێنه‌ر بن، مافه‌كانى خۆیان بزانن، چونكه پیشه‌ى رۆژنامه‌وانى پێویستى به كه‌سى رۆشنبیر و خوێنه‌ر و چاوكراوه هه‌یه، پاشان به‌شداربن له راهێنانه‌كان و رێكخراوه‌كانیش راهێنانى تایبه‌ت به‌م بابه‌ته زیاتر بكه‌ن و به پلان كارى له‌سه‌ر بكه‌ن، دواتر خۆیان له‌ژێر هیچ بارودۆخێكدا و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قبوڵى هه‌راسانكردن نه‌كه‌ن و رووبه‌ڕووى ببنه‌وه په‌نا بۆ یاسا به‌رن، چونكه هه‌رچه‌نده له‌و بواره‌دا ئێمه بۆشایی یاسایمان هه‌یه، به‌ڵام هێشتاش كۆمه‌ڵێك یاساى جیاواز هه‌ن كه ده‌كرێت ئه‌م بابه‌ته‌یان له‌ژێردا جێگه بكرێته‌وه و بیانپارێزن، راسته دادگاكان له ئاستى پێویستدا نین، به‌ڵام هێشتاش كۆمه‌ڵێك دادوه‌ر هه‌ن كه ده‌توانن مامه‌ڵه‌یه‌كى یه‌كسان له‌گه‌ڵ ئه‌م كه‌یسانه بكه‌ن".
ئه‌و خانمه رۆژنامه‌نووسه له كۆتایی قسه‌كانیدا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه، "پێویسته خانمانى رۆژنامه‌نووس بێده‌نگ نه‌بن له‌م حاڵه‌تانه، چونكه ئه‌و كه‌سه‌ى ماف به‌خۆى ده‌دات ئه‌و كاره بكات، رۆژنامه‌نووس نییه و مافیایه، جێگه‌ى سه‌رجه‌م مافیاكانیش زیندانه نه‌وه‌ك ده‌زگاكانى راگه‌یاندن".
تێبینى: هه‌ردوو ناوى دونیا كه‌ریم و شیرین محه‌مه‌د كه له‌م ڕاپۆرته‌دا به‌كارهاتوون دوو ناوى خوازراون و ناوه راسته‌قینه‌كانیان و ناسنامه‌یان له‌سه‌ر خواستى خۆیان به پارێزراوى هێڵراوه‌ته‌وه.