ناس کورد-
شانەى میدیاى ئەمنى عێراق رایگەیاند، دوو موشەک لەناوچەى سەوزى بەغدا کەوتوونەتە خوارەوە و هیچ زیانێکى گیانى لێنەکەوتووەتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
شانەى میدیاى ئەمنى لە بەیاننامەیەکدا کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژەى بەوەشکردووە، بەدواداچوونى لایەنە ئەمنییەکان لەبارەى هێرشەکە بەردەوامە و دواتر وردەکاریی زیاتر بڵاودەکەنەوە.
ئەوە لەکاتێکدایە، کەمێک لەمەوبەر چەند تەقینەوەیەک لە دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ڕوویدا و دواتر زەنگی ئاگادارکردنەوە لێیدا.
بەپێی زانیارییە بەراییەکانی ناس کورد، سێ موشەک بە باڵیۆزخانەکەوە نراون، سیستمی بەرگریی C-RAMیش تەقەی کردووە و بەرپەچی موشەکەکانی داوەتەوە.
بەپێی ئەو وێنەیەی کە "ناس کورد" دەستی کەوتووە، دوکەڵی بۆردومانە موشەکییەکە لە باڵیۆزخانەکە بەرزدەبێتەوە، فڕۆکەی ئەمریکا و هاوپەیمانان بە ئاسمانی باڵیۆزخانەکەدا دەسوڕێنەوە.
هاوکات هێزە ئەمنییەکان ئەو سەکۆیەیان دۆزییەوە کە موشەکەکانی پێ هەڵدرا بوو.