ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەلەمانی عێراق ڕایگەیاند، شیعەکان دوایین پێشنیازیان بۆ چارەسەرى دۆسیەى نەوتى هەرێم ئامادەکردووە، کە نزیکە لە دەقە حکومییەکەى ناو پڕۆژەکە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئیخڵاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە فراکسیۆنی پارتی (22ی شوباتی 2021) لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ"ناس کورد" ڕایگەیاند، "لایەن شیعییەکان بڕگەیەکیان پێشینازکردووە لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێم و کۆتاییهێنان بە مشتومڕەکانی پشکی هەرێم لە بودجەی 2021دا، ئەو بڕگەیە زۆ نزیکە لە دوو بڕگەیە (11 و 12) کە حکومەت لە بودجەکەدا دایناوە و حکومەتی هەرێمیش پێی ڕازییە".
ڕوونیشیکردەوە، "شیعەکان پێشنیازی ئەوەیان کردووە حکومەتی هەرێم 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمو بکات لەگەڵ نیوەی داهاتە نانەوتییەکان و ئەوەشی دەمێنێتەوە بەکاربهێنرێت بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ و پێدانی حەقدەستی کۆمپانیاکانی نەوت".
دلێمى باسى لەوەشکرد، پێشنیازی لایەنە شیعییەکان تائێستا ڕادەستی شاندی هەرێمی کوردستان نەکراوە، بۆیە بڕیارە دوو سبەی شاندەکە جارێکی دیکە بێتەوە بەغدا و تاوتوێی ئەوپێشنیارە بکات".
بەوتەی دلێمی، "پاش ئەنجامدانی گفتوگۆ لەنێوان شاندی هەرێمی کوردستان و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەسەر پێشنیازی لایەن شیعییەکان، پێدەچێت لەسەرەتای هەفتەی داهاتوودا بودجەی 2021 لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند بکرێت".
"تێگەیشتنێکی باش هەیە لە نێوان لایەنە عێراقییەکان و شاندی هەرێمی کوردستان، کەشێکی باش باڵای بەسەر دانووستانەکاندا کێشاوە کە لەبەرژەوندی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا دەبێت" ئیخڵاس دلێمی وایوت.
هەردوو حکومەتى هەرێم و عێراق لەگەڵ مانەوەى ئەو دەقە حکومییەن کە لە پڕۆژەکەدا جێگیرکراوە و تایبەتە بە رادەستکردنى 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەى داهاتە فیدراڵییەکان لەبەرانبەر پشکى 12.67ى هەرێم، بەڵام هەندێ لەلایەنەکان داواى سەرجەم نەوتى هەرێم یان داهاتەکەى دەکەن.