ناس کورد-
وەزیرى نەوتى عێراق ڕایگەیاند، گرێبەستە نەوتییەکانى هەرێم لەگەڵ تورکیادا لەکەشوهەوایەکى ئاڵۆزدا ئەنجامدراون و سەرکەوتوو نەبوون و گەشبینى خۆى نیشاندا بە گەیشتنە ڕێککەوتنى هەرێم و فیدراڵ لەبودجەى 2021 لەسەر کێشە دارایى و نەوتییەکانى نێوانیان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیرى نەوتى عێراق (22ى شوباتى 2021) لەمیانەى چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵى (بى بى سى)عەرەبى کە "ناس کورد" بینیوویەتى ڕایگەیاند "لەو باوەڕەدام کێشەکانى نەوتى هەرێم لەگەڵ فیدراڵدا بەرەو چارەسەربوون دەچن و شاندى باڵا لەهەرێمەوە سەردانى بەغدایان کردووە بۆ تاوتوێکردنى ڕێکەوتنى سیاسى و هونەرى و ئابورى لەبودجەى ئەمساڵدا و بەرەوپێشچوونى باش هەیە لەپەیوەندییەکاندا.
ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، پێشتر تاڕادەیەک زانیارییەکان لەسەر نەوتى هەرێم بەلاى حکومەتى فیدراڵەوە قەدەغەکراو بوو بەڵام ئێستا زانیارییەکان بەدەستدەخرێن و ئاڵوگۆڕى زانیارى لەنێوان دیوانى چاودێرى دارایى فیدراڵ و هەرێمدا هەیە.
وەزیرى نەوت باسى لەوەش کرد، وەکو وەزارەتى نەوت ژمارەیەک لەو زانیارییانەیان بەدەست گەیشتووە و لەپڕۆژە بودجەکەشدا هەرێم و بەغدا لەسەر ئەوە ڕێکەوتوون کە هەرێم ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل ڕادەستى فیدراڵ بکات بەنرخى کۆمپانیاى سۆمۆ.
لەبارەى ناڕوونى گرێبەستەکانى هەرێم لەگەڵ تورکیادا ئیحسان عەبدولجەبار وتوشیەتى، بەپێى ئەو زانیارییانەى بەدەستیان گەیشتووە هەرێم لەقۆناغێکدا چەند گرێبەستێکى کردووە لەگەڵ کۆمپانیاکانى دەرهێنان وگواستنەوە و هەناردەکردن و چەند کۆمپانیایەکى ترى نەوتى لەسەر بنەماى ئەو کەشە سیاسە گرژو ئاڵۆزەى ئەوکاتە کردوویەتى.
بەوتەى وەزیرى نەوتى عێراق، ئەو گرێبەستانە سەرکەوتوو نەبوون لەو کاتەدا و ئەو کاتەش چارەسەرێکى دارایى بووە بۆ هەرێم بەڵام نەیتوانیووە داهاتى تەواوى هەناردەکراوى نەوتى خاو دابین بکات و لەو باوەڕەشدایە لەئایندەیەکى نزیکدا ئەو گرفتانەش چارەسەر دەبن.
عەبدولجەبار جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە، پەیوەندییەکانى فیدراڵ و هەرێم بەرەو باشى هەنگاو دەنێت ئەگەر متمانە لەنێوان هەردوولادا هەبێت و ئەوانیش هەوڵ دەدەن وەکو چۆن بیر لەهاوڵاتیەکى ناوەڕاست و خوارووى عێڕاق دەکەنەوە ئاوەهاش بیر لەهاوڵاتیانى هەرێم دەکەنەوە و پێویستیشیان بەکاتە.