گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حەفتا كوردی تاراوگە لە نامەیەكدا: موشەكەكانی هەولێر سیناریۆیە

2021.02.21 - 19:13
App store icon Play store icon Play store icon
حەفتا كوردی تاراوگە لە نامەیەكدا: موشەكەكانی هەولێر سیناریۆیە

ناس کورد-

 

حەفتا كوردی تاراوگە نامەیەکیان ئاڕاستەى سەرجەم کونسوڵخانەکانى وڵاتان لە عێراق کرد لەبارەى هێرشەکەى هەولێر و زیندانییکردنی گەنجانی بادینان و هێرشە موشەکییەکە بە "سیناریۆ" ناودەبەن.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لەنامەکەدا کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژە بەوەکراوە "دۆخی سیاسیی و ئابووریی، بە تایبەتییش ئازادیی رادەربڕیین و رەخنەگرتن لە دەسەڵات، لە  هەرێمی کوردستانی عێراق، زۆر خراپ و دژوارە".

 

دەشڵێن، حکومەتى هەرێم بەسەرۆکایەتى مەسرور بارزانیی، هەفتەی رابردوو،  شەش ساڵ زیندانی بەسەر پێنج رۆژنامەنووس و چالاکواندا سەپاند، بۆ ئەوەی ترس و تۆقاندن تەشەنە بکات.

 

لەنامەکەدا باس لەوەکراوە "رای زۆرینە ئەوەیە کە بۆ ئەوەی ئەم تاوانی زیندانییکردنە داپۆشرێ و کاڵ ببێتەوە، سیناریۆی رۆکێتبارانی هەولێر نمایش کراوە".

 

هەروەها داوایان لە کونسوڵگەرى ئەو وڵاتانە کردووە، "فشارەکانیان بۆ سەر پارتیی و بنەماڵەی بارزانی، خەست بکەنەوە، بۆ ئەوەی چیتر رۆژنامەنووسان و رەخنەگران، زیندانیی نەکات".

 

شەوى دووشەممە (15 شوباتى 2021) 14 موشەک ئاڕاستەى هەولێر کرا و بەهۆیەوە بەڵێندەرێکى هاوپەیمانان کوژرا و نۆ کەسى دیکەش برینداربوون کە بەشێکیان ئەمریکین.                        

  

گروپی "سرایا ڕولیاء الدم" کە تاقمێکی چەکدارە و خۆی بەخاوەنی خوێنی سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس دەزانێت بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشە موشەکییەکە ڕاگەیاند. هەروەها    گروپێکی چەکداریی دیکە بە ناوی "قوات ژوالفقار" پشتگیری بۆ هێرشەکە راگەیاندووە. 

 

رۆژێک دواى هێرشەکان، دادگای تاوانەکانی دووی هەولێر سزاى شەش ساڵ زیندانى بۆ پێنج دەستگیرکراوى بادینان دەرکرد کە پێکهاتوون لە شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گوهدار زێباری، هاریوان عیسا و ئەیاز کەرەم.  

  

ئەو بڕیارە کاردانەوەى بەرفراوانى لێکەوتەوە کە تا ئێستاش بەردەوامە.