گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری بخوێنەوە

هاوشێوەكەی عودەی هەندێك زانیاری لە سەر ڕەغدی سەدام ئاشكرا دەكات

2021.02.19 - 14:53
App store icon Play store icon Play store icon
هاوشێوەكەی عودەی هەندێك زانیاری لە سەر ڕەغدی سەدام ئاشكرا دەكات

ناس کورد-

لەتیف یەحیا كە ساڵانێكی زۆر وەك هاوشێوەی عودەی سەدام حسین كاریكردووە لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا هێرشی توند دەكاتە سەر ڕەغدی سەدام حسێن و بە ژنێكی لوتبەرز و خۆبەزلزان ناوی دەبات بە پێچەوانەی ڕەنا و حەلای خوشكییەوە كە دووركەوتنەوەیان لە چاوی كامێرا هەڵبژاردووە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەم گرتە ڤیدیۆییەی یەحیا پێش لە چەند مانگێك تۆماركراوە، بەڵام پاش دەركەوتنی ڕەغد لە كەناڵی ئەلعەرەبییە لە زنجیرەیە دیمانەیەكدا كە تائێستا چوار بەشی پەخش كراوە، هەندێك لە چالاكەكانی عێراق وەك بەڵگەیەك دەستاودەستی پێ دەكەن بۆ وەڵامدانەوەی قسەكانی ڕەغد.


لە گرتە ڤیدبۆییەكەدا لەتیف یەحیا كە لەكۆتایی هەشتاكان لەگەڵ خێزانی سەدام و لە كۆشكی كۆماری وەك هاوشێوەی عودەی و كەسی هەرە نزیك لێیەوە كاری كردووە دەڵێت، "حسێن كامیل ناپاك بووە بەرامبەر عێراق، ڕەغدیش لوتبەرز و خۆبەشت زانەة بەپێچەوانەی ڕەنا و حەلای خوشكییەوە كە بێ كێشەن". هەروەها دەڵێت " ڕەغد ئێستا لە عەممان بە ئوتومبیلی گرانبەها و لوتبەرزی خەریكی ڕیكلامكردنە بۆ خۆی".


لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا كە "ناس كورد" دیویەتی (19 شوباتی 2021) لەتیف یەحیا دەڵێت مادەم ڕەغد خۆی هەڵقورتاندووە لە سیاسەت و ڕێزی خۆی نەگرتووە وەك خوشكەكانی، هەروەها لەبەر ئەوەی بەدوای شۆدا دەگەڕێت شایەنی بەرپەرچدانەوەیە و دەڵێت، "دەبێت ئەوە بزانێت خۆت و مێردەكەی كە حسێن كاملە، ناپاک بوون بەرامبەر باوكی كە سەدامە و ئەویش شایەنی كوشتنەوەبوو نەك ئێستاهەر خەریكی لێو ئەستووركردن بیت".


لەتیف یەحیا كە هێشتا هەر ستایشی سەدام و عودەی دەكات، باس لەوەش دەكات ڕەغد بۆ پارە و شۆ و ناوبانگ دەگەڕێت و ناوی سەدام حسێن بەكاردەهێنێت، گەورەترین هەڵەی سەدامیش ئەوەبوو نەیكوشت لەگەڵ مێردەكەی لەپای جیابوونەوە و هەڵهاتنیان بۆ ئوردن و جیابوونەوەیان لە دەوڵەتی عێراق. 


لە گێڕانەوەكانیدا بۆ ئەلعەرەبییە ڕەغدی سەدام باسی لەوەكردووە لە ساڵی 1995 هاوڕابووە لەگەڵ حسێن كاملی مێردی و ئامۆزای سەدام بۆ هەڵهاتن بۆ عەممانی پایتەختی ئوردن، بەڵام ئاگای لەوە نەبووە حسێن كۆنگرەی رۆژنامەوانی گرتووە بۆ ڕووخاندنی رژێم، و لەدوای ئەوە ئەم كەوتووەتە بەرداشی ململانێی مێردەكەی لەلایەك و باوكی لەلاكەیتر، سەرەنجامیش گەڕانەوەی بۆ عێراق هەڵبژاردووە بۆ بەرەی باوكی.


لەبارەی هۆكاری جیابوونەوەی حسێن كاملیشەوە لە سەدامی خەزوور و ئامۆزای، ڕەغد پێیوایە هۆكارەكەی بۆ هەڵكشانی ناوی حسێن كامل دەگەڕێتەوە وەك كەسی دووەمی ڕژێم لەوكاتەی وەزیری پیشەسازیی سەربازیی بووە، ئەمەش دوژمنایەتی زۆری بۆ دروستكردووە و تەنگەتاوی كردووە.

هەروەها جەختی لەوەشكردەوە یەكێك لەبكوژانی حسێن كامل و سەدام كامل دوای گەڕانەوەیان لەئوردن، عودەی برای بووە، عەشیرەتی سەدام وەك ناپاک بڕیاری كوشتنی ئەو دووانەیان داوە و هیچ گوێیان بەوە نەداوە عیزەت دوری وەك نوێنەری دەوڵەت لێیان خۆش بووە لەبەردەمی سەدام خۆیدا لەبەر خاتری مناڵەكانیان كە كچەزای سەدام بوون. 


لەتیف یەحیا لەگرتە ڤیدیۆییەكەدا دەڵێت، هەر كەسێكیتر بێت لەجێگای ڕەغد دەست بەسەر دەمی خۆیدا دەگریت و خەریكی پەروەردەكردنی مناڵەكانی دەبێت بەو پارەی حسێن كامل لەگرێبەستەكانی چەك داویەتییەلا و لەئوردن دایناوە، هەروەها دەبوو ڕەغد وەك خوشكەكانی خۆی بشارێتەوە لەچاوی كامێرا.


یەحیا دەڵێت بە ڕەغد "تۆ تەنها شۆیت و تەماشابكە بەجوانكاریی چیت لەڕوخساری خۆت كردووە و هەر دەڵێی من من".


لەتیف یەحیا ئەفسەرێكی سەربازی بوو لەڕیزەكانی هێزی تایبەت و عودەی سەدام كردی بەهاوشێوەی خۆی و ناردوویەتی بۆ شوێنە مەترسیدارەكان، لە 1987 و نەشتەرگەریی جوانكاریی بۆكرد بۆ ئەوەی بەتەواوی لەو بچێت، بەڵام لە 1991 بەهۆی ئەوەی ئەشكەنجەی داوە، لەرێگەی دهۆكەوە خۆی گەیاندە ئەوروپا، ماوەیەك موخابەراتی ئەمەریكا هەوڵیاندا بەكاری بهێنن، ئێستا بانگەشەی ئەوەش دەكات هەوڵی كوشتنی درابێت و لە تویتەر و یوتیوب چالاكە و بەردەوام ستایشی سەدام و سەردەمەكەی دەكات.