گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری نوێ

دواین زانیاری لەبارەى ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا.. ’’بەرەوپێشچونێکی باش هەیە’’

2021.02.19 - 13:55
App store icon Play store icon Play store icon
دواین زانیاری لەبارەى ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا.. ’’بەرەوپێشچونێکی باش هەیە’’

ناس کورد-

ئەندامێکی کوردی لیژنەی دارایی دواین زانیارییەکانی لەبارەى پشکی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021ی عێراق دەخاتەڕوو و دەڵێت، "بەرەوپێشچوونی باش هەیە بە ئاڕاستەی کردنەوەى گرێ کوێرەکە."

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

هۆشیار عەبدوڵا لە بابەتێکدا لە فەیسبوکی خۆی کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (19ی شوباتی 2021) نوسیویەتی، "لەگەڵ ئەو لیژنەیەی لە لایەن کوتلە شیعیەکانەوە ڕاسپێردراون بۆ یەکلاکردنەوەی دەقی بەدیل سەبارەت بە پشکی هەرێم بەردەوام لەسەر خەتین، دوێنێ سەرۆکی کۆماریان بینیوە، بە گوێرەی ئەو دیدارە بەرەوپێشچونێکی باش هەیە بە ئاراستەی ئەوەی هەفتەی داهاتوو گرێی پشکی هەرێم لە موازەنەدا یەکلاببێتەوە و هەردو لا لەسەری کۆکبین و دەنگی لەسەر بدرێ."

 

دەشڵێت، "ماددەیەک کە وەک هیوا جێگیرمان کردوە لە قانونی موازەنەدا ئەوەیە کە هەر پارەیەک بۆ هەرێم بێت دەبێ ئەولەویەتی یەکەم بۆ موچە بێت پێش هەر بوارێکی تر، بۆ مێژوو دەیڵێم لە هەمو ئەو ماددانەی کە لەبەرژەوەندی موچە خۆران و بوارەکانی تر جێگیرمان کردوە نوینەرەکەی یەکێتی هاوکار و پشتیوانمان بووە."


هۆشیار عەبدوڵا باسی لەوەشکردووە کە "دواکەوتنی موازەنە تەنها یەکێک لە هۆکارەکان پشکی هەرێمە، هۆکاری سەرەکی ئەوەیە بەشێک لە کوتلە شیعیەکان دەیانەوێ بە موازەنە قۆڵی کازمیی بابدەن و نایانەوێ ئاسان و خێرا ئەو پاسە بدەنە حکومەتەکەی."

May be an image of ‎text that says '‎هـ تلتزم الحكومة الاتحادية بدفع مستحقات اقليم کردستان وفق التخصيصات المقرة وازاء الحسابات الواردة في قانون الموازنة .العامة وتلتزم حكومة اقليم کردستان بصرف مستحقات رواتب موظفي الاقليم من التخصيصات المقررة ضمن اعتمادات مو زنة الاقليم حساب) تعويضات (الموظفين وقبل اي أمر صرف لأي نفقة اخرى من موازنته زنته الجارية مع اعاة احكام المادة )٥ ۲/ثالثا) من قانون الادارة المالية الاتحادي رقم (٦) لسنة‎'‎

قوباد تاڵە‌بانی، جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران ڕایگەیاند، "كۆبوونە‌وە‌كانمان لە‌ بە‌غدا بە‌ردە‌وام دە‌بن تاوە‌كو دەگەینە‌ ڕێككە‌وتن لە‌بارە‌ی شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێمی كوردستان."

 

قوباد تاڵەبانی کە هاوکات سە‌رۆكی شاندی دانوستاندكاری ھە‌رێمە بۆ بەغدا لە لێدوانێکدا بۆ میدیای حزبەکەى کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (19ی شوباتی 2021) دەڵێت، "ئێمە‌ بە‌ھە‌موو لایە‌نەکانمان‌ ڕاگە‌یاندووە‌ كە‌ پابە‌ند دە‌بین بە‌ یاسا و دە‌ستور و ئە‌وە‌ی ئە‌ركی حكومە‌تی ھە‌رێمە‌ جێبە‌جێی دە‌كە‌ین و بەرامبەر ئەم پابەندییە دەبێت تەواوی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و مافەکانی موچەخۆران دابین بکرێت."

 

لەلایەکی ترەوە بزوتنەوەى گۆڕان باس لە "ئاماژەی دڵخۆشکەر" دەکات بۆ ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا و دەڵێت، "بەشێک لەلایەنە شیعەکان نەرمییان نواندوە بەرامبەر پێدانى ماف و شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان."

 

دلێرعەبدولخالق، وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان لەچاوپێکەتنێکى تەلەفزیۆنێدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە دەڵێت، "بەلاى ئێمەوە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا ئەولەویەتە، پێویستە هەردوولا لە چوارچێوەى دەستوردا لەبارەى پرسى بودجە و موچە بگەنە ڕێککەوتن."

 

دوێنێ (18ى شوباتى 2021) ئاژانسى هەواڵیی عێراقییە بڵاوى کردەوە، لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق ئاماژەیان بە ڕێککەوتنێکى کۆتایى لەنێوان شاندى حکومەتى هەرێمى کورستان و حکومەتى عێراق کردووە لەبارەى پشکى هەرێم لە بودجەدا.

 

وتیشی، ڕێککەوتنەکە بەدڵى حکومەتى فیدراڵ و حکومەتى هەرێمە.

 

ئاژانسەکە لە لیژنەى دارایى پەرلەمانەوە ئەوەى ڕوونکردۆتەوە کە پێشبینى دەکرێت لە ناوەڕاستى هەفتەى داهاتوو دەنگ لەسەر بودجەکە بدرێت.

 

هاوکات ئەحمەد کەنانى، سەرۆکى لیژنەى ئابوورى و وەبەرهێنان لەپەرلەمانى عێراق (18ى شوباتى 2021) لەلێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەى (المدى)ى عێراقى کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە ڕایگەیاند، لیژنەى دارایى هەموارکردن و کاروبارەکانى تایبەت بەبودجە تەواوکردووە جگە لەو مادانەى کە پەیوەندییان بەڕێکەوتنى نەوتى نێوان هەرێم و فیدراڵەوە هەیە.

 

کەنانى جەختى لەسەر ئەوەش کردووەتەوە، لێکنزیکبونەوەیەک لەنێوان دیدى شاندى کوردى و لایەنە سیاسیەکاندا بۆ ڕێکەوتن لەسەر پشکى هەرێم لەبودجەدا لەئارادایە بەتایبەت لەسەر موچەى فەرمانبەران و بڕى نەوت و هەناردەکردنى لەڕێگەى کۆمپانیاى سۆمۆەوە.

 

ئەو پەرلەمانتارە باسى لەوەش کرد، لەکاتى نەگەیشتنى لایەنەکان بەڕێکەوتن ئەوا بودجەکە بەزۆرینەى دەنگى پەرلەمانى نەک بەڕێکەوتنى سیاسى تێدەپەڕێنرێت و لەو باوەڕەشدایە هەرێم و فیدراڵ بگەنە ڕێکەوتن بۆ ئەوەی تێپەڕاندنى لەپەرلەمانەوە بەسازانێکى سیاسى ئاسان بێت.

 

کەنانى ئەوەشى خستووەتە ڕوو، هەردوولا هەفتەى داهاتوو وادەکەیان تەواو دەبێت نەشگەنە ڕێکەوتن ئەوا بەزۆرینەى بودجەکە تێدەپەڕێنرێت.


هەروەها ڕۆژنامەى (الشرق الأوسط) لەسەر زارى سەمیر هەورامى وتەبێژى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمەوە بڵاوى کردەوە، گفتوگۆ و دانوستانەکان بەردەوامن بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتن لەسەر دەقێکى ڕەشنوسى بودجەکە کە پێشتر حکومەتى هەرێم و فیدراڵیش لەسەرى ڕێکەوتوون.