کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- ئاسایشى کەلار ڕایدەگەینێت لەبەر هەستیارى و بایەخى جوگرافى قەزاى کەلار، سیستمى چاودێرى کامێرایان لە تەواوى شارەکە داناوە و دەشڵێت، بۆ سانسۆر نییە لەسەر هاوڵاتیانى شارەکە. لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاسایشى کەلار ڕایدەگەیەنێت: "لە ئەزمونێکی سەرکەوتوودا توانرا بیرۆکەی کۆنتڕۆڵکردن و چاودێرکردن بۆ پاراستنی ئاسایش لەڕێگەی کامێرای چاودێرییەوە لە قەزای کەلاردا بەئەنجام بگەیەندرێت". ئاسایشى کەلار ئاماژەى بەوەشکردووە: "لەبەر هەستیارى و بایەخى جوگرافى قەزاکەمان کە کەوتووەتە سەر هێڵى تەماسى نێوان هەرێم و ناوچە عەرەبییەکانى عێراق لەلایەک و نزیکى لە سنوورى ئێران لە لایەکى دیکە، واى کردووە سود لە تەکنەلۆژیای سەردەم وەرگرین، ئەوەش دواى وەرگرتنى ڕەزامەندى ئیدارەى گەرمیان و بەڕێوبەرایەتى ئاسایشى گەرمیان". لەبەشێکى ترى ڕاگەیەندراوەکەدا ئاسایشى کەلار ئاشکراى کردووە، تۆڕێکى فراوانى کامێرای چاودێرى لە زۆربەى شەقام و فولکە و دەروازەکانى شارى کەلار بە دەروازەى گوندى ساڵەح ئاغا و ڕێگاى کانى ماسى سەر بە ناحییەى قۆرەتووشەوە بە کامێراى پێشکەوتوو و خاون کوالێتى بەرز، بەستراون بە ژوورى کۆنتڕۆڵ و ژووری چاودێرییەوە. لەبارەى خەرجى و بودجەى ئەو پرۆژەیەوە ئاسایشى کەلار ئاماژەى بە هیچ بڕە پارەیەک نەکردووە، بەڵام ڕایگەیاندووە، زۆربەى کارەکان بە یارمەتى و هاوکارى ماددى "خەڵکانى دڵسۆز و خاوەن کۆمپانیا و کارگەکانى سنورى کەلار" بە دەست هاتووە. "جێگەی خۆیەتى ئاماژە بەوە بکەین هەموو ئەو جێگایانەى کە ئەو کامێرانەى تێدا جێگیرکراوە شوێنى گشتى و کراوە و ئاپۆڕاى هاتوچۆى خەڵکییە و تایبەتمەند نییە بە تاک یان کەسانێکى دیاریکراو و بۆیە نابێتە هۆى دروستکردنى هیچ سانسۆرێک بۆ هاووڵاتیان"، لە ڕاگەیەندراوەکەى ئاسایشى کەلاردا هاتووە.