گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەرەتایەکی نوێ

ئەمریکا هەنگاوەکانی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران دەستپێکرد

2021.02.19 - 10:02
App store icon Play store icon Play store icon
ئەمریکا هەنگاوەکانی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران دەستپێکرد

ناس کورد-

ئيدارەى جۆ بايدنی سەرۆكى ئەمەريكا ڕازی بوو بە بانگهێشتنامەيەكى ئەوروپى بۆ بەشداريكردن لە كۆبونەوەيەكدا كە ئێرانيش بەشدار دەبێت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر بەرنامە ئەتۆميەكەى تاران، هەروەها ئەو داواكاريەى كشاندوەتەوە كە داواى گەڕاندنەوە سزا نێودەوڵەتيەكانى كردبوو.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

نيێد برايس، وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئەمەريكا (18ى شوباتى 2021) لە لێدوانێكى ڕۆژنامەوانيدا وتى، واشنتن بە بانگهێشتنامەى نوێنەرى باڵاى يەكێتى ئەوروپا ڕازى بووە بۆ ئامادەبوون لە كۆبوونەوەى گروپە پێنج کۆ یەک كە وڵاتەكانى ئەمەريكا، ئەڵمانيا، چين، فەڕەنسا، بەريتانيا و ڕوسيان لەگەڵ ئێران، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر بەرنامە ئەتۆميەكەى تاران.

 

ئەمەش لەكاتێكدايە پێگەى Politico لەزارى سەرچاوەيەك لە ئيدارەى ئەمەريكاوە بڵاويكردوەتەوە، جۆ بايدن سەرۆكى ئەو وڵاتە نيازى خۆى بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێكکەوتنى ئەتۆمى لەگەڵ ئێران پيشانداوە، ئەوەش لە وتەيەكدا لە كۆنگرەى ميونخ بۆ ئاسايش.

 

هاوکات بەرپرسێكى ئەمريكا بە ئاژانسى ڕۆيتەرزى وتووە، بۆ يەكەمجار دواى چەندين ساڵ دەرفەتێك هەيە بۆ كۆتايىهێنان بە سياسەتى ئەوپەڕى فشار و گەڕانەوە بۆ دیبلۆماسی لەگەڵ تاران، بەرپرسێكى تر باسى لەوەكردوە، "قورسە بير لە زيندووكردنەوەى ڕێكکەوتنى ئەتۆمى بكەينەوە ئەگەر هەندێک كەيسى هەرێمى چارەسەر نەكرێن."

 

لەلايەكى ترەوە لە چوارچێوەى ئەگەرەكانى دەرچون لە تەنگژەى بەرنامە ئەتۆميەكەى ئێران، ڕيچارد ميلز، هەڵسوڕێنەرى كارەكانى باڵيۆزى ئەمەريكا لە نەتەوە يەكگرتووەكان لە ئەنجومەنى ئاسايشى نێودەوڵەتى ڕاگەياندووە، وڵاتەكەى ئەو داواكاريەى كشاندوەتەوە كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكى پێشووى ئەمریکا پێشكەشى كردبوو بۆ گەڕانەوەى سەرجەم سزا نێودەوڵەتيەكان بۆ سەر تاران.

 

لە هەنگاوێكى تردا بەرەو ئاسايیكردنەوەى پەيوەنديەكانى نێوان ئەمەريكا و ئێران، واشنتن ئاشكريكردوە، كۆت و بەندەكانیان سوک کردووە لەسەر دیبلۆماتە ئێرانيەكانى ناو بارەگاى نەتەوە يەكگرتووەكان لە نيويۆرك بۆ جوڵەكردن لەناو شارەكەدا.

 

هەنگاوەکانی ئيدارەى جۆ بايدن لەكاتێكدايە كە ئەوروپيەكان هەوڵى ئەوە دەدەن دۆسیەی ئێران چارەسەر بكەن، ئەوەش لەكاتێكدايە هەريەكە لە ئەمەريكا و ئێرانيش دەستپێشخەرييان هەيە بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێكکەوتنى ئەتۆمى ساڵى 2015 كە دۆناڵد ترەمپ ساڵى 2018 لێى كشايەوە و تارانيش پابەندبوونەكانى بە ڕێكەوتنەكەوە كەمكردەوە.

 

لاى خۆيانەوە هەريەكە لە بەريتانيا، فەڕەنسا، ئەڵمانيا و ئەمەريكا داوايان لە ئێران كردوە كە هەنگاوى زياتر بنێت تايبەت بە دەستبەرداربوون لە بەرنامە ئەتۆميەكەى، لەكۆبونەوەيەكى ئەمەريكى - ئەوروپيدا لە پاريس نيگەرانى خۆشيان ڕاگەياند سەبارەت بە هەوڵەكانى تاران بۆ پيتاندنى يۆرانيۆم بە ڕێژەى 20%.

 

لاى خۆشيەوە محەمەد جەواز زەريف، وەزيرى دەرەوەى ئێران ڕايگەياند، پێويستە دەوڵەتانى ئەوروپى پابەندبن بە بەڵێنەكانيانەوە و لەبرى ئەوەى تۆمەت ئاڕاستەى تاران بكەن داوا بكەن كە ميراتى ئيدارەكەى دۆناڵد ترەمپ كۆتايى پێ بهێنرێت، حەسەن ڕۆحانى، سەرۆك كۆمارى ئەو وڵاتەش هيواى ئەوەى خواستبوو كە ئيدارەى بايدن لە هەڵەكانى ئيدارەى پێشووى وڵاتەكەى پاشگەز ببێتەوە.