ناس کورد-
سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، پێشبینی دەکات وڵاتەکەی تا مانگی ئەیلولی داهاتوو لەشەڕی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەنگاوی باش ببڕێت، دەشڵێت "پێش هاتنی ئاهەنگەکانی کریسمس ئەمەریکا لە بارودۆخێکی تەواو جیاوازدا دەبێت".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کەناڵی"سی.ئێن. ئین"ی ئەمەریکی (17ی شوباتی 2021) لە هەواڵێکدا کە " ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە ئاماژەى بەوە کرد جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لەدیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵە وتویەتی "پێشبینی دەکەم تامانگی ئەیلولی داهاتوو لەشەڕی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەنگاوی باش بنێن، گەشبینم پێش هاتنی ئاهەنگەکانی کریسمس ئەمەریکا لە بارودۆخێکی تەواو جیاوازدا دەبێت، بەراورد بەئێستا".
بایدن ئەوەشی وتووە "پێشبینی دەکەین لەمانگەکانی داهاتوودا ڤاکسینی جۆنسۆن ئاند جۆنسۆن بەشێوەیەکی کارا یارمەتی وڵاتەکەمان بدات لەوەی کە بە خێراییەکی زیاتر بگەین بە بەرگری بەکۆمەڵ".
سەرۆکی ئەمەریکا ئەوەشی خستووەتە ڕوو "پێم وایە تاساڵێک لەئێستاوە خەڵکی پەیتا پەیتا دەتوانن کەمتر پابەندی رێکارەکانی دوورکەوتنەوی کۆمەڵایەتی بن، گەشبینم بەوەی کە زۆری پێناچێت بارودۆخی تەندروستیی وڵات پێش دەستپێکردنی ساڵی خوێندن لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا زۆر باشتر بێت".
بایدن، لەدیمانەکەدا داوای لە ئەمریکییەکان کردووە، بەردەوام بن لە پۆشینی دەمامک و پەیڕەوکردنی هەنگاوەکانی دورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی و دەست شتن، تائەو کاتەی پەتاکە بەتەواوەتی لەناو دەچێت.