ناس کورد- هەڤاڵ غالب
بڵاوکردنەوەی وێنەی پشکنینی پیاوێک لە بنکەیەکی تەندروستی سنوری چەمچەماڵ لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کاردانەوەى لێکەوتەوە و تەندروستی چەمچەماڵیش ڕەتیدەکاتەوە لەو بنکەیە هیچ پشکنینێک بکرێت .
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی بڵاوکردنەوەی پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک پیاوێک لە سنوری قەزای چەمچەماڵ پشکنینی میزی بۆ کراوە و دەرکەوتوە دووگیانە .
شەریف ڕەحیم، وتەبێژی تەندروستی چەمچەماڵ (17ى شوباتى 2021) بە "ناس کورد"ى وت "ئەو بنکە تەندروستیەی وێنەکەی بڵاوکراوەتەوە (بنکەی تەندروستی قەرەتامۆر) ماوەی ١٧ ساڵە هیچ پشکنینێکی تێدا نەکراوە و لە یەکێک لەگوندەکانە و تەنها یەک کارمەندی تەندروستی هەیە و هیچ کارمەندێکی تاقیگەی نیە".
وتیشی "کۆی ئەو شتانەی بڵاوکراوەتەوە هەڵبەستراوە و لەهیچ بنکەیەکی ئێمە حاڵەتی وەها ڕوی نەداوە و هیچ کەسێکیش سکاڵا یان بابەتێکی لەو شێوەیەی بەتەندروستی چەمچەماڵ نەوتووە، بۆیە هەموو ئەو بڵاوکراوانە پڕوپاگەندەیە".
هاوکات پسپۆڕێکی تاقیگە هەبوونی حاڵەتی لەو شێوەیە بۆ جۆرێک لەنەخۆشی شێرپەنجە دەگەڕێنێتەوە.
زانا عەلی، پسپۆری تاقیگە بۆ "ناس کورد"ى روونکردەوە "هەرچەندە ئەوەی باسکراوە پڕوپاگەندەیە بەڵام ئەگەر حاڵەتی لەو شێوەیە هەبێت ئەوە ئاماژەیە بۆ نەخۆشی شێرپەنجەی گون لەپیاواندا ".
وتیشی "پێشتر خۆم حاڵەتی لەو شێوەیەم بینیوە کەسەکە کە هۆرمۆنی HCG کە بەپرسە لە دووگیانی لە ئافرەتاندا بەرز دەرچووە، هەرچەندە کەسەکە پیاو بووە و نابێت دووگیان بێت بەڵام ئەو هۆرمۆنە بەرزبوو ئەوەش ئاماژەیە بۆ بوونی شێرپەنجەی گون لەو کەسەدا".