ناس کورد-
ڕەغەد سەدام حسێن لەبارەى داگیرکارى کوێت لەلایەن باوکیەوە رایگەیاند، هەردولا دۆڕاین و هەردولا هەڵەمان کرد بەرامبەر بەیەک، هەروەها دەشزانێت کێ زانیارى لەسەر شوێنى براکانى "عودەیى و قوسەى" داوە بە ئەمەریکیەکان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕەغەدی سەدام حسێن، لەبەشى سێیەمى زنجیرە دیدارە تەلەفزیۆنییەكەیدا لەگەڵ کەناڵى عەرەبییە (چوارشەممە، 17ى شوباتى 2021) کە "ناس کورد" بینیوویەتى ئاماژەى بەوە کرد، سەدام حسێن بڕیارى داگیرکارى کوێتى داو ناتوانین بڵێین کە پەشیمان بوو لە بڕیارەکەى یاخودنا چونکە ناتوانین لە زارى ئەوەوە قسە بکەین، بەڵام "داگیركاری بوو ناتوانین جوانی بكەین".
سەبارەت بە براوەى شەڕەکە و لایەنى هۆکار بۆ هەڵگیرسانى شەڕەکە وتى: کوەیتییەكان برامانن و یەک نەتەوەین و براکانیش لەناو خۆیاندا شەڕ دەکەن و ئاشت دەبنەوە، هەردولامان هەڵەمان بەرامبەر بە یەک کرد و هەردولاشمان دۆڕاین، ئەو قۆناغە ئاسان نەبوو بۆمان و من هیچ نهێنیەکى تایبەت بە ڕوداوەکان و شەڕەکە و هۆکارەکەى نازانم، چونکە پیاوەکانى بنەماڵەکە بۆیان باس نەدەکردین.
ڕەغەد لەو بڕوایەدایە، عێراق لە شەڕى ئێراندا سەركەوتنی بەدەستهێناوە، بەڵام عێڕاق کەوتە بارودۆخێکى ئابوریى سەختەوە و تازە لەشەڕ گەڕابوەوە وقوربانی زۆریشى دابوو، لەوانەیە ئەوە هۆکارى بڕیارى داگیرکردنى کوەیت بووبێت.
بەپێى وتەکانى ڕەغەد، کاتێک بارودۆخى ئابوریى عێراق سەخت بوو هەروەها گەمارۆى ئابوریشى خرابووە سەر، سەدام حسێنیش دەیویست وەک گەلەکەى بژى و زۆر شتى کەمکردبوەوە و تەنانەت دەستى بە ئاویشەوە دەگرت.
سەبارەت بە ئەگەرى گەڕانەوەى بۆ عێڕاق جەختى لەوەکردەوە، ڕەغد وتی: من پێشبینى ئەوە ناکەم بەڵکو زۆر دڵنیام کە ڕۆژێک لە ڕۆژان دەگەڕێمەوە و عێراق وڵاتمە.
سەبارەت بە هەواڵى کوژرانى باوکى و براکانى "عودەیى و قوسەى" ئەوەى ئاشکرا کرد، دیمەنى کوشتنى عودەی و قوسەیم نەبینى و لێیان شاردینەوە هەروەها سەیریشى ناکەم، جەخت لەوەش دەکاتەوە کە خزمەكانیان لە عێراق بۆ ماوەى 3 ساڵ پێیان نەوتن و کاتێک پەیوەندیان پێوە دەکردن دەیانوت ئەوانەى کوژراون ئەوان نین و تەندروستیان زۆر باشە و شەڕ دەکەن.
سەبارەت بە چۆنێتى دۆزینەوەى شوێنەکەیان لەلایەن هێزەکانى ئەمەریکاوە وتى "کەسێک شوێنەکەى ئاشکرا کردون و دەشزانێت کێیە و بەڵگەشیان لایە کە ئەو بووە".