گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری

مەلا بەختیار داوای بەڵگەکان دەکات لەبارەى سزادراوانی بادینان

2021.02.17 - 13:19
App store icon Play store icon Play store icon
مەلا بەختیار داوای بەڵگەکان دەکات لەبارەى سزادراوانی بادینان

ناس کورد-
مەلا بەختیار لەبارەی سزادانی پێنج چالاکوان و ڕۆژنامەنوسی بادینان دەڵێت، "ئەگەر تاوانێك یان کەتنێكی دژە نیشتیمانیان بە بەڵگەوە لەسەر سەلماوە، هەق وایە بڵاو بکرێتەوە، ئەگەر نا بە ئازاد نەکردنیان، بێگومان ڕەهەندی سیاسی مەترسیدار وەردەگرێ".

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندییەكانی یەكێتی لە پەیجی فەیسبوکی خۆی لە نوسینێکدا بە ناونیشانی (یان ئازادکردن.. یان شەفافیەتی یاسایی!!) کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (17ی شوباتی 2021) ڕایگەیاندووە، "لەم ڕۆژانە پێنج کەس لە دادگای هەولێر، لە ماوەیەکی زۆر خێرادا، هاوکاتی موشەكبارانی هەولێر، سزای شەش ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە، ئەم کەیسە لە هەموو کەیسێك زیاتر پێویستی بە شەفافییەتی یاسایی هەیە. ئەگەر ئەم پێنج هاوڵاتییە، تاوانێك یان کەتنێكی دژە نیشتیمانیان بە بەڵگەوە لەسەر سەلماوە، هەق وایە بڵاو بکرێتەوە. ئەگەر نا، ئازادکردنیان مافێکی مەدەنی_ دیموکراسییە."

 

ئاشکراشیکردووە، "بە ئازاد نەکردنیان، بێگومان ڕەهەندی سیاسی مەترسیدار وەردەگرێ و بە زیانی ئەزمونەکەمان دەشکێتەوە. نەخوازەڵلا لەم دۆخە مەترسیدارەشدا."

 

ڕۆژی 16ی شوباتی 2021 لەلایەن دادگای تاوانەکانی دووی هەولێر دووەم دانیشتنی دادگایکردنی دەستگیرکراوانی بادینان بەڕێوەچوو دادوەر هەریەکە لە شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گوهدار زێباری، هاریوان عیسا و ئەیاز کەرەمی بە شەش ساڵ زیندانی حکومدا و لەدوای کۆتاییهاتنی دانیشتنەکەش، بەشدار

 

حەسەن پارێزەری دۆسیەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە "ناس کورد" بینەری بوو وتی، "بڕیارەکان بە زۆرینە دران و بەشێک لە دادوەرەکان لەگەڵ بڕیارەکەدا نەبوون و ئێمەش داوامانکرد بە ئامادەبوونی پارێزەرەکان دووبارە پرۆسەی لێکۆڵینەوە بکرێتەوە بەڵام داواکەمان ڕەتکرایەوەو ژمارەیەک پەرلەمانتارانیش کە لەوێ ئامادەبوون ئەوەیان بینی کە داواکاری گشتی بە شێوەیەکی سەرسوڕ هێنەر تۆمەتەکانی ئاڕاستەیان دەکرد بەوەش توشی سەرسوڕمان بووین و پرۆسەی دادگایی کردنەکە پێچەوانەی دوێنێ بووەو دوێنێ پرۆسەکە زۆر بەباشی بەڕێوەدەچوو، بەڵام ئێمە لەماوەی 30 ڕۆژ ئەو بڕیارانەی دادگا پێداچوونەوەی بۆ دەکەین چونکە هیچ تاوانێک نەبووە و هیچ بەڵگەیەکیش نییە لەسەر تۆمەتەکان.  

  

باسی لەوەشکرد، دەمەوێت شتێک بۆ خەڵک ڕون بکەمەوە کە وتارەکەی سەرۆکی حکومەت سەلمێنەری ئەوە بوو کە پێشتر بڕیارەکە درابوو.  

  

عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان کە یەکێک بوو لە ئامادەبوونی دانیشتنەکەی دادگا بۆ ڕاگەیاندنەکان وتی، "ئەوەی من بینیم زۆر نادادپەروەری بوو بڕیارێکی سیاسی بوو ئەو کەسانە تەنها یەک گروپی مەسنجەریان هەبووە و هیچ تاوانێکیان نەکردوە و نەپلانیان بۆ تاوان داناوە تەنها لە گروپێکدا زانیاریان ئاڵۆگۆڕ کردوە، ئەگەر وابێت و خەڵک لەسەر گروپی مەسنجەر سزابدرێت دەبێت من 200 ساڵ سزا بدرێم.  

  

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی ڕاگه‌یاندنی‌ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێم لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە کۆپییەکی دەستی "ناس کورد" کەوتووە دەڵێت، دوێنێ ڕێكه‌وتی 16ی شوباتی 2021 داوای ژماره‌ (47/ج 2 / 2021) كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ بینینی كه‌یسی چه‌ند تۆمه‌تبارێك، به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆكی یه‌ده‌گی دادگای تاوانی هه‌ولێر/2 به‌ڕێوه‌چوو. به‌ پێی یاساش سه‌رۆكی یه‌ده‌گ له‌ كاتی نه‌بوونی سه‌رۆكی دادگا، شوێنی ده‌گرێته‌وه‌ چونكه‌ سه‌رۆكی دادگا به‌هۆی تێكچوونی باری ته‌ندروستیه‌وه‌ ئێستا له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم چاره‌سه‌ری پزیشكی وه‌رده‌گرێت و ئه‌و كه‌یسه‌ هه‌ر له‌ دادگای تاوانی هه‌ولێر/2 به‌ڕێوه‌ چووه‌ و ڕه‌وانه‌ی دادگایه‌كی دیكه‌ نه‌كراوه‌."  

 

دەشڵێت، "پرۆسه‌ی دادگاییكردنه‌كه‌ش به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشكرا و شه‌فاف و به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ په‌رله‌مانتارانی به‌ڕێز و نوێنه‌ری كۆنسوڵی وڵاتان و پارێزه‌رانی كه‌یسه‌كه‌ و نوێنه‌ری رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامه‌نووس و ده‌زگاكانی راگه‌یاندن به‌ڕێوه‌چووه‌ و پرۆسه‌كه‌ش له‌سه‌ر بنه‌ماكانی دادگه‌ری بووه‌." 

 

ئەنجومەنی دادوەری هەرێم باسی لەوە کردووە کە "ئه‌وه‌ی جێی سه‌یره‌ هه‌ندێ داموده‌زگای فه‌رمی و یاسایی ولایه‌نی سیاسی لێدوانی جیاجیایان له‌سه‌ر پرۆسه‌ی دادگاییكردن و بڕیاره‌كه‌ داوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش بێگومان ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستێوه‌ردان له‌ كاروباری ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، چونكه‌ دادگا نوێنه‌رایه‌تی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ده‌كات و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریش بڕوای به‌ بنه‌مای جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان هه‌یه‌ و نه‌ده‌بوو ئه‌و لایه‌نه‌ فه‌رمیانه‌ پێشێلی بنه‌مای جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان بكه‌ن."  

 

جەختی کردووەتەوە کە "ڕێكاری یاساییش هه‌یه‌ بۆ تانه‌لێدان له‌و بڕیاره‌ و بێگومان پارێزه‌رانی كه‌یسه‌كه‌ تانه‌ پیشكه‌ش به‌ دادگای پێداچوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئیتر پێویست به‌و هه‌موو لێدوان و ده‌ستێوه‌ردانه‌ له‌ كاروباری ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری نه‌ده‌كرد."  

 

ئەنجومەنەکە هیوادارە "ئه‌و جۆره‌ لێدوانانه‌ نه‌درێن تاوه‌كو بڕیاری كۆتایی له‌لایه‌ن دادگای تایبه‌تمه‌ند كه‌ دادگای پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌ ده‌رده‌چێت و دادگای پێداچونه‌وه‌ش بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی خۆی له‌سه‌ر ئه‌م كه‌یسه‌ ده‌دات به‌ پێی یاسا."  

  

دوێنێ سێشەممە، 16ی شوباتی 2021، لەلایەن دادگای تاوانەکانی دووی هەولێر دووەم دانیشتنی دادگایکردنی دەستگیرکراوانی بادینان بەڕێوەچوو دادگا بڕیاریدا بە حکومدانی 5 لە گیراوانی بادینان بە شەش ساڵ زیندانی.