گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وادەی تێپەڕاندنی ئاشکرا کرد

دارایی پەرلەمان دواین زانیاری لەبارەى پشکی هەرێم دەخاتەڕوو

2021.02.17 - 08:02
App store icon Play store icon Play store icon
دارایی پەرلەمان دواین زانیاری لەبارەى پشکی هەرێم دەخاتەڕوو

ناس کورد-

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێشبینی دەکات کۆتایی ئەم هەفتەیە دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە بدرێت دوای ئەوەى دۆسیەی پشک و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان یەکلایی دەکرێتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەحمەد سافار لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی سەباحی فەرمی کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (17ی شوباتی 2021) دەڵێت، "بڕیاری داخستن و قەدەغەی هاتوچۆی نیمچەیی کاریگەری نابێت لەسەر کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی لیژنەی دارایی بۆ کۆتاییهێنان بە بابەتی بودجە چونکە ئەوە چارەنوسی وڵاتی لەسەرە و پرسێکی نیشتمانییە و پێویستە یەکلایی بکرێتەوە."


بڕیاردەری لیژنەی دارایی کە کوردە وتیشی، "دانوستان و گفتوگۆکان لەنێوان شاندی هەرێم و بەغدا بەردەوامە لەسەر گۆڕانکارییەکان لە بڕگەی 11ی تایبەت بە پشکی هەرێم، هەرکاتێک ئەوە تەواوبوو، یەکسەر دەنگ لەسەر بودجە دەدرێت."

 

وتیشی، بڕگەی 11ی پڕۆژەیاسای بودجە باس لە شایستە داراییەکانی نێوان حکومەتی فیدڕاڵی و هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ساڵەکانی 2004 بۆ 2020، ئەوەش دوای ئەوەى هەردوو دیوانی چاودێری هەرێم و بەغدا وردبینی بۆ دەکەن."

 

لەلایەکی ترەوە، شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی کە ئەویش کوردە بە ڕۆژنامەکەى وتووە، "کۆبوونەوەکەى شاندی هەرێم لەگەڵ ئەندامانی کوردی لیژنەی دارایی و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردییەکان بە ئامادەیی سەرۆک کۆمار، دواین بابەت و پێشهات و وردەکارییەکانیان باس کردووە لەبارەى بودجە."

 

زیاتر بخوێنەوە: ناوەڕۆکی کۆبوونەوەى شاندی هەرێم و بەرهەم ساڵح لەسەر بودجە و موچە

 

شیروان میزا ئاشکراشی کرد کە "شاندەکە بەردەوام دەبێت لە دانوستانەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییە شیعییەکان بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی تۆکمە لەنێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان."

 

ڕۆژی دووشەممە وتەبێژى قوباد تاڵەبانى ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکانى شاندى دانوستانکارى هەرێم بۆ رێککەوتن لەسەر پشکى هەرێم لە بودجە بەردەوامە و لەکۆبوونەوەیان لەگەڵ هادى عامرى جەختکراوەتەوە لەسەر چارەسەرى بنەڕەتى کێشەکە.

 

شاندى هەرێم لە بەغدا زنجیرەیەک کۆبوونەوەى ئەنجامدا بۆ گەیشتن بەرێککەوتن، کە دیارترینیان کۆبوونەوە بوو لەگەڵ هادى عامرى سەرۆکى هاوپەیمانى فەتح، کە داواى کۆى رادەستکردنى دۆسیەى نەوتى هەرێم دەکەن لەجیاتى 250 هەزار بەرمیل نەوت.

 

سەمیر هەورامى، وتەبێژى قوباد تاڵەبانى (15ی شوباتی 2021) لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ" ناس کورد" ڕایگەیاند، "لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتى چارەسەرکردنى پرسی بودجە و پشکى هەرێم کراوە، جەختکرایەوە لەسەر چارەسەرێکى بنەڕەتى بۆ ئەم پرسە بۆ ئەوەى هەموو ساڵێک روبەڕووى ئەمە نەبینەوە".

 

وتیشى، لەکۆبوونەوەکاندا هەروەها بەپێویست زانرا یاساى نەوت و گاز دەربکرێت کە بەشێکە لەچارەسەرى پرسەکە.

 

سەمیر هەورامى باسى لەوەشکرد، "تا ئەم ساتە جگە لەو دەقەى حکومەتى عێراق خستویەتییە ناو پڕۆژەکە، هیچ پێشنیازێکى نوێ نەخراوەتە ناو پڕۆژەکەوە، گفتوگۆکان بەردەوام دەبن تا دەگەین بە ئەنجامێک، چاوەڕوانى لیژنەى دارایین کە دەقێک پێشکەش بکات لەو بارەیەوە".

 

بەپێی ئەو دەقەى لە بودجەدا جێگیرکراوە، هەرێمى کوردستان پابەند دەکرێت بە ڕادەستکردنى 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەى داهاتە فیدراڵییەکان، بەڵام بەشێک لە لایەنەکان بەوە ڕازى نین و داواى کۆى دۆسیەى نەوت یان سەرجەم داهاتەکەى دەکەن.