گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری زیاتر

یەکەم حزبی هەرێم بە فەرمی دژی سزادانی دەستگیرکراوانی بادینان هاتەدەنگ

2021.02.16 - 19:11
App store icon Play store icon Play store icon
یەکەم حزبی هەرێم بە فەرمی دژی سزادانی دەستگیرکراوانی بادینان هاتەدەنگ

ناس کورد-

جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەسەر سزادانی بەشێک لە دەستگیرکراوانی بادینان بە شەش ساڵ زیندانیکردن ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەم دەسەڵاتە ستەمکارە بەم هەنگاوانەی هێندەی تر لە مەرگی حەتمیی خۆی نزیک دەبێتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە راگەیەنراوێکدا ئەنجومەنی سیاسیی نەوەی نوێ (سێشەممە 16ی شوباتی 2021) ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ دادگای هەولێر لە بڕیارێکی نادادپەروەرانە و دوور لە هەموو رێکارێکی یاسایی و بەبڕیارێکی پێشوەختەی سیاسی و حیزبی، بڕیاری زیندانیکردنی شەش ساڵی بەسەر بەشێک لە دەستگیرکراوانی بادیناندا سەپاند. "

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێمە وەک جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بەتوندی ئیدانە و سەرزەنشی ئەو بڕیارە سیاسییە دەکەین و پێمانوایە ئەم بڕیارە هەنگاوێکی تری مەترسییدارە بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادی و گەڕانەوەی حوکمی سەدامیانە و بەعسیانە و هەروەها ئەو بڕیارە هەنگاوێکە لە پاشکۆبوونی دەسەڵاتی دادوەریی بۆ سەرکوتکردنی دەنگە ناڕەزایەتییەکان و یەکلاییکردنەوە ململانێ سیاسییەکان. "

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، " ئەو بڕیارەی ئەمڕۆ لەکاتێکدایە ئەو دەستبەسەرکراوانە ماوەی چەند مانگێکە بەبێ هیچ پشتیوانییەکی قانوونیی و بەبێ هیچ بەڵگەیەکی فیعلیی و راستەقینە و مەترسیدار دەستبەسەرکراون، تەنها تاوانی ئەم کەسانە ئەوەیە قسەیان کردووە و خۆپیشاندانیان ئەنجام داوە، مامۆستای تێدایە بۆ داواکردنی مووچەکەی خۆپیشاندانی ئەنجامداوە."

 

ئەنجومەنی سیاسیی نەوەی نوێ جەختیکردووەتەوە، " سەرەڕای ئەوەی ئەگەر تەنانەت تۆمەتباریشبن ئەوە پێویستە لەبەرچاوی رای گشتیی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و بەپێی بوونی بەڵگەی فیعلیی و راستەقینە دادگاییەکە بەڕێوەبچێ نەک لە ژووری تاریک و نەزانراو. "

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێشمانوایە ئەم دەسەڵاتە ستەمکارە بەم هەنگاوانەی هێندەی تر لە مەرگی حەتمیی خۆی نزیک دەبێتەوە، ئەم هەنگاوانە بەڵگەی زیاترن بۆئەوەی هەموو دونیا بزانێ ئەم دەسەڵاتە سیاسییە چەندە ستەمکار و بێباکە بەرامبەر هاوڵاتییەکانی خۆی کە گوناهی گەورەیان داواکردنی نان و ئازادیی و بژێوییە. "

 

ئەنجومەنی سیاسیی نەوەی نوێ لە کۆتاییشدا ئەوەی خستووەتەڕوو، " بە پێویستی دەزانین بە بیر هەموو لایەکی بهێنینەوە کە دەسەڵاتە دیکتاتۆر و داپڵۆسێنەرەکانی پێش دەسەڵاتی کوردیی لە هەرێمی کوردستان هەمان ئەم جۆرە کارانەیان ئەنجام دەدا، بەڵام دەرەنجامەکەی مەرگی خۆیان و روخانی دەسەڵات و رژێمەکەیان بوو. "

 

ئەمڕۆ سێشەممە 16ی شوباتی 2021، لەلایەن دادگای تاوانەکانی دووی هەولێر دووەم دانیشتنی دادگایکردنی دەستگیرکراوانی بادینان بەڕێوەچوو دادگا بڕیاریدا بە حکومدانی 5 لە گیراوانی بادینان بە شەش ساڵ زیندانی.