ناس کورد-
یوسف محەمەد، سەرۆکى فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لەبارەى سزادانی پێنج ڕۆژنامەنوس و چالاکوان لەلایەن دادگایەکی هەولێرەوە دەڵێت، "ئەم جوامێرانە پێشتر مەسرور بارزانی حوکمی دان."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
یوسف محەمەد لە تویتێکیدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (16ی شوباتی 2021) سزادانی ئەو کەسانەی بە "ڕۆژێکی ڕەشی تر بۆعەدالەت لە کوردستان" ناوبردووە و دەڵێت، "ئەوانەی تۆمەتبارن بە تاڵانکردنی سامانی گشتی هەرێم، ئەوانەی هەر جارەو خیانەت بۆ نەیارێکی کوردستان ئەکەن سەردارن، بەڵام ئەوانەی بەرگری لە مافی خەڵک ئەکەن توندی زیندان ئەکرێن."
دەشڵێت، "پێش دادوەر، ئەم جوامێرانە پێشتر مەسرور بارزانی حوکمی دان."
شێروان شیروانى و بەشێک لە زیندانیکراوانى بادینان لەلایەن دادگاوە بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزا دران.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ سێشەممە (16ی شوباتی 2021) دادگایی بەشێك لە دەستگیراوانی بادینان کۆتایهات و دادوەر هەریەکە لە شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گوهدار زێباری، هاریوان عیسا و ئەیاز کەرەمی بە شەش ساڵ زیندانی سزا دا.
بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە "ناس کورد" بینەری بوو وتی، "بڕیارەکان بە زۆرینە دران و بەشێک لە دادوەرەکان لەگەڵ بڕیارەکەدا نەبوون و ئێمەش داوامانکرد بە ئامادەبوونی پارێزەرەکان دووبارە پرۆسەی لێکۆڵینەوە بکرێتەوە بەڵام داواکەمان ڕەتکرایەوەو ژمارەیەک پەرلەمانتارانیش کە لەوێ ئامادەبوون ئەوەیان بینی کە داواکاری گشتی بە شێوەیەکی سەرسوڕ هێنەر تۆمەتەکانی ئاڕاستەیان دەکرد بەوەش توشی سەرسوڕمان بووین و پرۆسەی دادگایی کردنەکە پێچەوانەی دوێنێ بووەو دوێنێ پرۆسەکە زۆر بەباشی بەڕێوەدەچوو، بەڵام ئێمە لەماوەی 30 ڕۆژ ئەو بڕیارانەی دادگا پێداچوونەوەی بۆ دەکەین چونکە هیچ تاوانێک نەبووە و هیچ بەڵگەیەکیش نییە لەسەر تۆمەتەکان."
باسی لەوەشکرد، دەمەوێت شتێک بۆ خەڵک ڕون بکەمەوە کە وتارەکەی سەرۆکی حکومەت سەلمێنەری ئەوە بوو کە پێشتر بڕیارەکە درابوو.
هاوکات عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان کە یەکێک بوو لە ئامادەبوونی دانیشتنەکەی دادگا بۆ ڕاگەیاندنەکان وتی، "ئەوەی من بینیم زۆر نادادپەروەری بوو بڕیارێکی سیاسی بوو ئەو کەسانە تەنها یەک گروپی مەسنجەریان هەبووە و هیچ تاوانێکیان نەکردوە و نەپلانیان بۆ تاوان داناوە تەنها لە گروپێکدا زانیاریان ئاڵۆگۆڕ کردوە، ئەگەر وابێت و خەڵک لەسەر گروپی مەسنجەر سزابدرێت دەبێت من 200 ساڵ سزا بدرێم.