ناس کورد-
گەورە بەرپرسان و وەزیرانى بەرگریی هاوپەیمانى باکورى ئەتڵەسى "ناتۆ" بەنیازە ژمارەى سەربازەکانى لە عێراق بۆ 10 هێندە زیاد بکات، بەڵام دواى پاشەکشەى پەتاى کۆرۆنا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئاژانسى ڕۆیتەرز (16ى شوباتى 2021) لە ڕاپۆرتێکیدا بڵاویکردوەتەوە، وەزیرانى بەرگری و گەورە بەرپرسانى دیبلۆماسی ناتۆ دەیانەوێت مەوداى ئەرکەکانیان کە ڕاهێنانە لە عێراق فراوانتر بکەن، ئەوەش دواى پاشەکشەکردنى پەتاى کۆرۆنا.
ڕوزنیشکراوەتەوە، ناتۆ دەیەوێت بەو هەنگاوەى ڕۆڵێکى بەهێزتر ببینێت لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، چوار کەسایەتى دبلۆماسیش پێیان وایە لە کۆنگرە ئۆنلاینەکەى ڕۆژى پێنجشەممەى داهاتوو هاوپەیمانێتیەکە ڕەزامەندى لەسەر پلانى زیادکردنى هێزەکانیان لە 500 سەربازەوە بۆ 4000 یاخود 5000 سەرباز بدەن.
دوێنێ دووشەممەش، جێنس ستۆڵتنبێرگ، ئەمیندارى گشتى هاوپەیمانى ناتۆ وتى، پێشبینى ئەوە دەکات وەزیرانى بەرگریی هاوپەیمانێتیەکە ڕەزامەندى بدەن لەسەر زیادکردنى ژمارەى سەربازەکانیان لە عێراق، سەرەڕاى بارودۆخەکە ئەرکى ناتۆ لە عێراق هەنگاو بە هەنگاو فراوانتر دەکرێت.
سەرەتای ساڵی ڕابردوو و دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی و مەهدی موهەندیس لەلایەن فڕۆکەکانی ئەمریکاوە، پەرلەمانى عێراق بە زۆرینەى بە دەنگى لایەنە شیعیەکان بڕیاریدا بە دەرکردنى هێزە بیانیەکان لە عێراق، ناوبەناویش گروپە و میلیشیا شیعیەکان بە موشەک هێرش دەکەنە سەر باڵیۆزخانەى وڵاتان و کاروانى ئۆتۆمبێلە سەربازیە لۆجستیەکانى هاوپەیمانان.
کۆتا هێرشى ئەو میلیشیایانەش شەوى دووشەممە بوو بۆ سەر فڕۆکەخانەى هەولێر و دەوروبەرى کە تێیدا 14 موشەک هەڵدران و بەهۆیەوە بەڵێندەرێکى سەربە هاوپەیمانى نێودەوڵەتى کوژرا و نۆ کەسى تر برینداربون کە هەشتیان بەڵێندەر بوون و یەکیان سەربازێکى ئەمریکى بوو.