گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دواى 14 کاتژمێر راگرتن

گەشتەکانى فڕۆکەخانەى هەولێر دەستیپێکردەوە

2021.02.16 - 13:52
App store icon Play store icon Play store icon
گەشتەکانى فڕۆکەخانەى هەولێر دەستیپێکردەوە

ناس کورد-

گەشتەکانى فڕۆکەخانەى هەولێر نیوەڕۆى ئەمڕۆ دەستیپێکردەوە، دواى 14 کاتژمێر راگرتن بەهۆى هێرشە موشەکییەکەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەحمەد هۆشیار بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد"، (16ی شوباتی 2021) ڕایگەیاند، لە کاتژمێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆوە گەشتکردن لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ئاسایی بووەتەوەو یەکەم گەشتیش لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە بۆ کۆپنهاگن بووەو لەسەر خشتەی پێشتریش گەشتەکان بەردەوامدەبێت.

 

لەبارەی زیانەکانی فڕۆکەخانە نێودەوڵەتی هەولێر، ئەحمەد هۆشیار بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر وتی "زیانی مادی نەبووە لە فڕۆکەخانە بەڵام بەهۆی موشەکەکانەوە چوار کەس لەو کارمەندانەی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان کاردەکەن برینداربوون و یەکێکیان گیانی لەدەستداوە.

 

شەوى رابردوو 14 موشەک ئاڕاستەى هەولێر کرا  کە سیانیان بەر فڕۆکەخانەى هەولێر کەوتن، بەهۆیەوە بەڵێندەرێکى هاوپەیمانان کوژرا و نۆ کەسى دیکەش برینداربوون کە بەشێکیان ئەمریکین.       

  

تا ئێستا هێزە ئەمنییەکانى هەرێم بەفەرمى هیچ گروپێکیان بەئەنجامدانى هێرشەکە تۆمەتبار نەکردووە، بەڵام شەوى رابردوو گروپی "سرایا أولیاء الدم" كە تاقمێكی چەكدارە و خۆی بەخاوەنی خوێنی سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس دەزانێت بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشە موشەكییەكە ڕاگەیاند.         

  

ئەمە دووەم هێرشى موشەکییە بۆ سەر هەولێر لەماوەى کەمتر لە شەش مانگدا.         

  

هێرشەکەى پێشوو لە 30 ئەیلولى 2020دا بوو کە سێ موشەک لە نزیک بارەگای دیموکرات لە گردەچاڵی هەولێر و سێ موشەکیش لە نزیک هێزی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کەوتنەخوارەوە و هەرێم حەشدى شەعبى بە ئەنجامدانى تۆمەتبارکرد.