کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد نێچیرڤان بارزانى دواى هەڵبژاردنى بۆ پۆستى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەلایەن پەرلەمانەوە پەیامێکى بڵاوکردەوە، داوادەکات "هەنگاوەکانى پێکهێنانى حکومەت خێرا بکرێن". . ئەمڕۆ سێشەممە 27ی ئایاری 2019 سایتی فەرمی پارتی دیموکرات پەیامێکی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی ئەو حزبەی بڵاوکردەوە. . نێچرڤان بارزانی کە ئەمڕۆ لەلایەن پەرلەمانى کوردستانەوە بەزۆرینەى دەنگ وەکو سەرۆکى هەرێمى کوردستان هەڵبژێردرا لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "سەرجەم کوردستانیانی ئازیز دڵنیا دەکەمەوە سەرۆکایەتیی هەرێم چەتری یەکڕیزی و کۆکەرەوەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و پێکهاتە ئیتنی و ئایینییەکانی دەبێت بە جیاوازیی بیر و بۆچوونەکانیانەوە". . نێچیرڤان بارزانى ئاماژەى بەوەش کردووە ئارامی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی و زامن کردنی مافەکانی تاک و کۆمەڵگا، ئامانجی سەرەکی دەبێت بە گرتنەبەری ڕێگای دیالۆگ لە چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لە چوارچێوەی دەستووردا. . ئەوەش دەڵێت "ئامانجمان پاراستنی پەیوەندیی دۆستانەی بەهێزە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و بەردەوامیدان بە بەهێزکردنی پێگە و سەنگی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی". . لەکۆتایى پەیامەکەشدا نێچیرڤان بارزانى جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان موڵکى هەموانەو سەرۆکایەتى هەرێمیش سەکۆى ئیرادەى مافەکانیان دەبێت، داوادەکات "لایەنەکانى پێکهێنەرى حکومەت پڕۆسەى پێکهێنانى حکومەت خێرابکەن". . .