ناس کورد-
ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتى پابەندبوونى فراکسیۆنەکەى بەو دەقە حکومییەوە دوپات کردەوە کە لە پڕۆژەى بودجەدا سەبارەت بە پشکى هەرێمى کوردستان هاتووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
شیروان میرزا، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتى (16ى شوباتى 2021) لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى هەواڵى عێراقییە کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە ئاماژەى بەوە کرد، فراکسیۆنى یەکێتى پابەندە بەو دەقە حکومییەى کە لە پڕۆژە یاساى بودجەدا لەبارەى پشکى هەرێمى کوردستان تۆمارکراوە و تیایدا باس لە رادەستکردنى 250 هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانەى هەرێمى کوردستان دەکات بە کۆمپانیاى سۆمۆ.
وتیشى، پەسەندکردنى هەر ئەلتەرناتیفێکى ئەو دەقەى ناو پڕۆژەکە پێویست دەکات دەستورى بێت.
بەوتەى شیروان میرزا، ئەو وەفدەى حکومەتى هەرێمى کوردستان کە لە بەغدایە سەرجەمى لایەن و هێزە سیاسییەکان دەبینن و لەبارەى بودجە و پشکى هەرێم گفتوگۆیان لەگەڵ دەکەن.
وتەکانى شیروان میرزا لە کاتێکدایە کە سەمیر هەورامى وتەبێژى قوباد تاڵەبانى لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ" ناس کورد" ڕایگەیاند "لەکۆبوونەوەکاندا گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتى چارەسەرکردنى پرسی بودجە و پشکى هەرێم کراوە، جەختکرایەوە لەسەر چارەسەرێکى بنەڕەتى بۆ ئەم پرسە بۆ ئەوەى هەموو ساڵێک روبەڕووى ئەمە نەبینەوە".
وتیشى لەکۆبوونەوەکاندا هەروەها بەپێویست زانرا یاساى نەوت و گاز دەربکرێت کە بەشێکە لەچارەسەرى پرسەکە.
سەمیر هەورامى باسى لەوەشکرد "تا ئەم ساتە جگە لەو دەقەى حکومەتى عێراق خستویەتییە ناو پڕۆژەکە، هیچ پێشنیازێکى نوێ نەخراوەتە ناو پڕۆژەکەوە، گفتوگۆکان بەردەوام دەبن تا دەگەین بە ئەنجامێک، چاوەڕوانى لیژنەى دارایین کە دەقێک پێشکەش بکات لەو بارەیەوە".
بەپێی ئەو دەقەى لە بودجەدا جێگیرکراوە، هەرێمى کوردستان پابەند دەکرێت بە ڕادەستکردنى 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەى داهاتە فیدراڵییەکان، بەڵام بەشێک لە لایەنەکان بەوە ڕازى نین و داواى کۆى دۆسیەى نەوت یان سەرجەم داهاتەکەى دەکەن.
جگە لەکۆبوونەوە لەگەڵ هادى عامرى، شاندى هەرێم لەگەڵ ئەندامە کوردەکانى لیژنەى داراییش کۆبووەوە.