ناس کورد-
ئەیاد عەلاوى رایگەیاند، هێرشەکەى سەر هەولێر پێویستى بە کرداریی راستەقینە هەیە و وەڕس بوون لە لێدوانى میدیایی.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عەلاوى لە تویتێکدا کە "ناس کورد" بینیویەتى ئاماژەى بەوەکردووە "دوبارە بوونەوەى هێرشى دوژمنکارانە بۆ سەر هەولێر نامەیەکى رەشە کە قەبارەى دەستێوەردانى دەرەکى دەردەخات لەلایەک عێراق دوچارى بووە لەلایەکەى تر عێراق ناتوانێت کۆنتڕۆڵى چەکى بەرەڵا بکات".
هەروەها هیواى خواستووە کرداریی راستەقینە ببینن بەرانبەر ئەو تاوانە نەک تەنها پێکهێنانى لیژنەى لێکۆڵنەوە رابگەیەنرێت، "بەراستى بێزاربوین لە لێدوانى میدیایی".
شەوى رابردوو 14 موشەک ئاڕاستەى هەولێر کرا و بەهۆیەوە بەڵێندەرێکى هاوپەیمانان کوژرا و نۆ کەسى دیکەش برینداربوون کە بەشێکیان ئەمریکین.
تا ئێستا هێزە ئەمنییەکانى هەرێم بەفەرمى هیچ گروپێکیان بەئەنجامدانى هێرشەکە تۆمەتبار نەکردووە، بەڵام شەوى رابردوو گروپی "سرایا أولیاء الدم" كە تاقمێكی چەكدارە و خۆی بەخاوەنی خوێنی سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس دەزانێت بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشە موشەكییەكە ڕاگەیاند.
ئەمە دووەم هێرشى موشەکییە بۆ سەر هەولێر لەماوەى کەمتر لە شەش مانگدا.
هێرشەکەى پێشوو لە 30 ئەیلولى 2020دا بوو کە سێ موشەک لە نزیک بارەگای دیموکرات لە گردەچاڵی هەولێر و سێ موشەکیش لە نزیک هێزی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کەوتنەخوارەوە و هەرێم حەشدى شەعبى بە ئەنجامدانى تۆمەتبارکرد.