گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تایبەت

وتەبێژى قوباد تاڵەبانى ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى شاندى هەرێم و هادى عامرى ئاشکرادەکات

2021.02.16 - 09:24
App store icon Play store icon Play store icon
وتەبێژى قوباد تاڵەبانى ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى شاندى هەرێم و هادى عامرى ئاشکرادەکات

ناس کورد-

وتەبێژى قوباد تاڵەبانى رایگەیاند، کۆبوونەوەکانى شاندى دانوستانکارى هەرێم بۆ رێککەوتن لەسەر پشکى هەرێم لە بودجە بەردەوامە و لەکۆبوونەوەیان لەگەڵ هادى عامرى جەختکراوەتەوە لەسەر چارەسەرى بنەڕەتى کێشەکە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

شاندى هەرێم لەبەغدا دوێنێ دووشەممە زنجیرەیەک کۆبوونەوەى ئەنجامدا بۆ گەیشتن بەرێککەوتن، کە دیارترینیان کۆبوونەوە بوو لەگەڵ هادى عامرى سەرۆکى هاوپەیمانى فەتح، کە داواى کۆى رادەستکردنى دۆسیەى نەوتى هەرێم دەکەن لەجیاتى 250 هەزار بەرمیل نەوت.

 

سەمیر هەورامى وتەبێژى قوباد تاڵەبانى لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ" ناس کورد" ڕایگەیاند "لەکۆبوونەوەکاندا گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتى چارەسەرکردنى پرسی بودجە و پشکى هەرێم کراوە، جەختکرایەوە لەسەر چارەسەرێکى بنەڕەتى بۆ ئەم پرسە بۆ ئەوەى هەموو ساڵێک روبەڕووى ئەمە نەبینەوە".

 

وتیشى لەکۆبوونەوەکاندا هەروەها بەپێویست زانرا یاساى نەوت و گاز دەربکرێت کە بەشێکە لەچارەسەرى پرسەکە.

 

سەمیر هەورامى باسى لەوەشکرد "تا ئەم ساتە جگە لەو دەقەى حکومەتى عێراق خستویەتییە ناو پڕۆژەکە، هیچ پێشنیازێکى نوێ نەخراوەتە ناو پڕۆژەکەوە، گفتوگۆکان بەردەوام دەبن تا دەگەین بە ئەنجامێک، چاوەڕوانى لیژنەى دارایین کە دەقێک پێشکەش بکات لەو بارەیەوە".

 

بەپێی ئەو دەقەى لە بودجەدا جێگیرکراوە، هەرێمى کوردستان پابەند دەکرێت بە ڕادەستکردنى 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەى داهاتە فیدراڵییەکان، بەڵام بەشێک لە لایەنەکان بەوە ڕازى نین و داواى کۆى دۆسیەى نەوت یان سەرجەم داهاتەکەى دەکەن.  

 

جگە لەکۆبوونەوە لەگەڵ هادى عامرى، شاندى هەرێم لەگەڵ ئەندامە کوردەکانى لیژنەى داراییش کۆبووەوە.

 

شیروان میرزا، ئەندامى لیژنەى دارایی (15 شوباتى 2021) لە لێدوانێکیدا بۆ "ناس کورد" ڕایگەیاند، شاندى هەرێم جەختیانکردەوە هاتوون بۆ ڕێککەوتن و پێداگرى لەسەر دەقەکەى حکومەت دەکەن.  

 

وتیشى "تا ئێستا دیار نییە ئەو پێشنیازە چییە کە لایەنە شیعییەکان ئەگەر هەیە لەسەرى ڕێکبکەون لەناو چەند پێشنیازێکدا کە پێشتر خراونەتەڕوو. شاندى هەرێم چەند کۆبوونەوەیەکیان هەیە، ئێمەش چاوەڕوانى لایەنە شیعییەکان و ئەنجامى ئەو کۆبوونەوانە دەکەین بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنى سیاسی لەسەر بودجە".  

  

"پرۆژە یاساى بودجە تەنها پرسی هەرێمى ماوە کە تەواو بکرێت تا لیژنەى دارایی ڕادەستى سەرۆکایەتى پەرلەمانى بکات بەمەبەستى دیاریکردنى رۆژى دەنگدان لەسەرى"، شیروان میرزا وایوت.  

  

جەختیشیکردەوە کە "دۆخەکە هێمنە و ئومێدى ڕێککەوتن دەکرێت، پێش ئەوەى کۆتایی ئەم هەفتەیە دەنگ لەسەر پڕۆژەکە بدرێت."  

  

رۆژى یەکشەممە شاندى هەرێمى کوردستان بە‌سە‌رۆكایە‌تی قوباد تاڵە‌بانی بۆ درێژەپێدان بە‌گفتوگۆكان لە‌گە‌ڵ لیژنە‌ی دارایی پە‌رلە‌مان و كوتلە‌ و لایە‌نە‌ سیاسییە‌كان لەسەر بودجە گەیشتە بەغدا.