گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەغدا لەبارەى ناردنى کیتى کۆرۆناى گۆڕاو بۆ هەرێم بڕیار دەدات

2021.02.15 - 21:12
App store icon Play store icon Play store icon
بەغدا لەبارەى ناردنى کیتى کۆرۆناى گۆڕاو بۆ هەرێم بڕیار دەدات

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان پشکی لە کیت و ئامێری تایبەت بە پشکنینی توخمە گۆڕاوەکەی کۆرۆنا دەبێت و لە ڕۆژانی داهاتوودا بۆى ڕەوانە دەکرێت.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ڕوبا فەلاح، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق (15ی شوباتی 2021) لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ" ناس کورد" ڕایگەیاند، "لە ئێستادا ئاماری تەواو لەبارەی توشبووانی ڤایرۆسە گۆڕاوەکە بەردەست نییە، چونکە دوو ڕۆژ لەمەوبەر کیت و ئامێری پشکنینی تایبەت بەو توخمە گۆڕاوە گویشتووەتە دەست وەزارەتی تەندروستیی عێراق".

 

وتیشی، "دوای ئەنجامدانی پشکنیین بۆ چەند حاڵەتێک لە تاقیگەکانی شاری بەغدا، توانراوە لە بوونی توخمە گۆڕاوەکە لە عێراق دڵنیابینەوە، پێدەچێت لە سبەینێوە دەست بکەین بە بڵاوکردنەوەی ئاماری توشبووان بە ڤایرۆسە گۆڕاوەکە".

 

فەلاح باسى لەوەشکرد، "وەزارەتی تەندروستیی عێراق بەنیازە لەڕۆژانی داهاتوودا ژمارەی ناوەندەکان تایبەت بە پشکنینی ئەو توخمە زیاد بکات ولە پارێزگاکانی ناوەڕاست وباشوری عێراقیش لەو جۆرە ناوەندانە بکاتەوە".

 

لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لەکیت و ئەو ئامێرانەی کە تازەگەیشتووەتە دەست حکومەتی فیدڕاڵی، فەلاح وتی، "وەک هەموو پارێزگاکانی دیکەی عێراق بە دڵنیاییەوە هەرێمی کوردستان پشکی خۆی دەبێت لەو کیت و ئامێرانە و بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوو وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی فیدڕاڵی پشکی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات".

 

ئەوە لەکاتێکدایە تەندروستى عێراق ئەمڕۆ تۆمارکردنى یەکەم حاڵەتى توشبوون بە کۆرۆناى گۆڕاوى راگەیاند، لەهەرێمى کوردستانیش چەند حاڵەتێکى گومانلێکراو هەن بەڵام بەهۆى نەبوونى کیتى پێویستەوە نەتوانراوە پشکنینان بۆ بکرێت.

 

د.ڕەهیڵ فەرەیدون، بریکاری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم ئەمڕۆ (15ی شوباتی 2021) لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" ڕایگەیاند، لەماوەی ڕابردوو چەند حاڵەتێکی گوماناوی کۆرۆنای گۆڕاو لەهەرێم هەبووە، بەڵام تاوەکو ئێستا کیتی پشکنین لەبەردەستیان نییە تا بزانن ئایا ئەوە کۆرۆنای گۆڕاوە یاخود جۆرەکەی پێشترە.

 

وتیشى لەئێستادا لە هەوڵدان لە ڕێگەی حکومەتی فیدراڵییەوە بێت یاخود وڵاتانی دیکە کیتی تایبەت بە دەستنیشانکردنی کۆرۆنای گۆڕاو بهێنرێتە هەرێمی کوردستان.