ناس کورد-
مەولود چاوشئۆغڵو، وەزيرى دەرەوەى توركيا پەيوەندييەكى تهلهفۆنیی لەگەڵ ئەنتۆنى بلينكن، وەزيرى دەرەوەى ئەمريكا ئەنجام دا و پەکەکەى بە بەرپرسیار زانی لە کوشتنی 13 دیلی تورکی لە چیای گارە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئاژانسی ئەنادۆڵوی فەرمی حکومەتی تورکیا ڕایگەیاند، لە ميانى پەيوەندييەكەدا، وەزيرى دەرەوەى ئەمريكا سهرهخۆشی له تورکیا کردووە بههۆی کوژرانی "13 هاووڵاتييە توركەكه و جهختی لهوهكردهوه پەكەكە بەرپرسیارە لهو كاره."
وتیشی، "جگە لەوەى تاوتوێى هەموو لايەنەكانى پەيوەندييە دوو قۆلييەكان كرا باس لە چەند بابەتێكى ناوچەيى و ههریهك له پرسهكانی بەرەنگاربوونەوەى گولەن، پەكەكە/پەيەدە ، سیستمی بەرگریی ئێس 400، سوريا و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست كرا."
دوێنێ وەزارەتی دەرەوەى ئەمریکا ئیدانەی کوژرانی 13 دیلەکەى تورکیای لە چیای گارە نەکرد و ڕایگەیاند، ئەگەر هەرکاتێک دڵنیا بوونەوەى لەوەى پەکەکە ئەو کارەى کردبێت، ئەوە ئیدانەی دەکەن.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا هێرشێكی توندی كردە سەر ئەمەریكا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لەسەر پاڵپشتیكردنی پەیەدە كە بە تەواوكەری پەكەكە ناوی برد و باسی لەوەكرد ئەوانیش بەرپرس دەبن لە كوژراوە توركەكانی شەڕەكە بەهۆی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ پارتی كرێكاران.
ئەردۆغان لە میانەی وتارێکیدا لە کۆنگرەی حیزبەکەیدا ڕەخنەی توندی لە ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا گرت و تۆمەتباری کردن بە پشتیوانیکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).
وتیشی، "ئەو وڵاتانە و ناتۆ بۆئەوەی پەیوەندییەکانیان بەردەوامی هەبێت لەگەڵ تورکیا پێویستە دەستبەرداری پاڵپشتی ئەو ڕێکخراوە بن".
ئەردۆغان ئەوەشی وتووە، "هەر کەسێک پشتگیری یان هاوسۆزی پەکەکە بکات، دەستی بە خوێنی ئەو 13 هاوڵاتییە تورکە سورە کە لە چیای گارە کوژران".
سەرۆک کۆماری تورکیا وتیشی، "داوا لە وڵاتانی جیهان دەکەم ڕووی ڕاستەقینەی (پەکەکە) بناسن، داوا لە سەرۆک بایدن دەکەم کە باش ئەو ڕێکخراوە بناسێت، دوای کۆمەڵکوژیی گارە، هیچ وڵات ودەزگا و قەوارە و کەسێک ناتوانێت تورکیا لە ئۆپەراسیۆنەکانی لە عێراق وسوریا بە بەرپرس هەژماربکات".
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکردووە، وڵاتەکەی لەگەڵ بەغدا و هەولێر لێکتێگەیشتی باشیان هەیە بۆ ڕێگریکردنی لە چالاکییەکانی پەکەکە و وتیشی، "بۆ لەمەودوا نە قەندیل نە شنگال و نە سوریا نابنە شوێنێکی پارێزراو و ئارام بۆ ئەو ڕێکخراوە".
ڕۆژی 10ی شوبات 2021، سوپای تورکیا لە ناوچەی گارە ئۆپەراسیۆنی هەڵۆ دوویان دەستپێکرد، دوای هەڵکوتانە سەریەکێک لە ئەشکەوتەکانی ئەو چیاییە تەرمی 13 هاوڵاتی تورک لە لایەن سەربازەکانی تورکیا دۆزرایەوە کە پێشتر وەک دیل لای پارتی کرێکارانی کوردستان دەستبەسەرکرابوون.