ناس کورد-
ڕاوێژکارێکى مەسعود بارزانى ڕایگەیاند، دۆخى عێراق پێویستى بەدەستوەردانى نێودەوڵەتى هەیە بۆ چارەسەرکردنى پشکى هەرێم لەبودجەدا، دەشڵێت، هەندێ لایەنى شیعە 50 مادەى دەستورییان پێشێلکردووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
مەسعود حەیدەر، ڕاوێژکارى مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان (15ى شوباتى 2021) لەمیانەى چاوپێکەوتنێکیدا بۆ کەناڵى(دجلة) کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە ڕایگەیاند، پێویست بەوە ناکات حکومەتى فیدراڵ هیچ جۆرە دەسەڵاتێکى لەهەرێمدا هەبێت چونکە کێشە لەکەلتورى سیاسى هەندێک لایەندا هەیە لەبەغدا و دەشبێت چارەسەر لەوە دەستپێبکات بەغدا پرەنسیپى شەراکەت لەبیناکردنەوەى دەوڵەتدا بسەپێنێت.
وتیشى "ئێمە پێویستمان بەدەستوەردانى نێودەوڵەتى هەیە بۆ چارەسەرکردنى قەیرانى پشکى هەرێم و دۆسیەى نەوت لەچوارچێوەى بودجەدا و هەمووان ترسیان لەستەم و پەڕگیرى پێکهاتەیەک بەسەر پێکهاتەیەکى تردا هەیە و ژمارەى داهاتە نانەوتییەکانیش لەبودجەدا ڕاستەقینە نین".
مەسعود حەیدەر ڕونیکردەوە، ڕێژەى کورد لەسوپاى عێراقدا هێشتا 1%ى تێنەپەڕاندووە و پێکهاتەى شیعەکان کاریان بۆ دورخستنەوەى پێکهاتەکانى تر لەو سوپایەدا کردووە و لایەنى سیاسى هەیە 50 مادەى دەستورى پێشێلکردووە.
ڕاوێژکارەکەى بارزانى هیوایخواست ڕێز لەڕێکەوتنى شاندى هەرێم و حکومەتى فیدراڵ بگیرێت.