ناس كورد_
وەزيرى ناوخۆی توركيا، سولەيمان سۆيڵو، پهیامێكی دژ بە سەركردەی ناسراوی پەكەكە موراد قەرەیلان بڵاوكردەوە و دەڵێت " ئەگەر نەیگرين و نەيكەينە هەزار پارچە ئەوە با گەل و شەهيدەكانمان تفمان لێ بكەن".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سۆیلۆ لە تویتەكەیدا كە "ناس كورد" بەدواداچوونی بۆ كردووە (14 شوباتی 2021) دەڵێت: ١٣ رۆڵەمان كە شەش ساڵ پێش ئێستا لەلايەن پەكەكەوە رفێنران و كوژراون.
هەروەها ئەوەشی وتووە باجى ئەو ئازار و ئەشكەنجەيەى كە بە رۆڵەكانمان و خێزانەكانيان گهیاندبوو، درايەوە و دەدرێتەوە.
وەزیرى بەرگرى تورکیا رایگەیاند، لە پرۆسەى سەربازى "چنگى هەڵۆ - 2" تەرمى 13 هاوڵاتى تورکیایان دۆزیوەتەوە کە لاى پەکەکە دیل بوون و کوشتونى، پەکەکەش دەڵێت، ئەو دیلانە بەهۆى بۆردومانەکەى تورکیاوە کوژراون.
خڵوسى ئاکار وەزیرى بەرگرى تورکیا (14ى شوباتى 2021) لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە ئاماژەى بەوەکرد، لە میانەى پرۆسە سەربازیەکەى سەر ناوچەى گارە تەرمى 13 هاوڵاتى تورکى دۆزراونەتەوە کە گولـلە بەسەریانەوە نراوە لە یەکێک لە ناوچەکاندا.
ڕونیشیکردووەتەوە، ئەو هاوڵاتیانە پێشتر ڕفێنرابون و بەپێى زانیاریەکان کاتێک سوپاى تورکیا نزیکبونەتەوە لە شوێنى دەستبەسەرکردنیان، پەکەکە هەستاون بە کوشتنیان.
ئەمەش لەکاتێکدایە لەسەرەتاى پرۆسە سەربازیەکەدا پەکەکە بڵاویکردەوە، سوپاى تورکیا بۆردومانى ناوچەیەکى کردوە کە دیلى تورکیاى تێدا بووە و بەهۆى بۆردومانەکەوە دیلەکان کوژراون.
ڕۆژى 10ى شوباتى 2021 سوپاى تورکیا پرۆسەى سەربازى "چنگى هەڵۆ - 2"ى بۆ سەر چیاى گارە لە پارێزگاى دهۆکى هەرێمى کوردستان دەستپێکرد و ئەو سوپایە ئاشکرایکرد، کە 50 چەکدارى پەکەکەیان کوشتوە و زیاتر لە 50 مۆڵگەیان لەناوبردون و 3 سەربازى تورکیاش کوژراون.
لەلایەکى ترەوە، پەکەکە بڵاویکردەوە کە زیاتر لە 30 سەربازى تورکیا لە پرۆسە سەربازیەکەدا کوژراون و سوپاى تورکیاش ناچار بە کۆتایى هێنان بە پرۆسەکە و کشانەوە کراون.