ناس کورد-
ئەندامێکى لیژنەى دارایى لەپەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، ئەو لایەنە سیاسیانەى کە لەڕێکەوتنى نێوان هەرێم و فیدراڵ ناڕازین هیچ جێگرەوەیەکیان پێشکەش نەکردووە هەر بۆیە تا ئێستا پشکى هەرێم لەناو پەرلەماندا لەبودجە یەکلایى نەکراوەتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایى لە پەرلەمانى عێراق (14ى شوباتى 2021) لەلێدوانێکیدا بۆ ئاژانسى فەرمى عێراق کە "ناس کورد " بەدواداچوونى بۆ کردووە ڕایگەیاند، هەردوو حکومەتى هەرێم و فیدراڵ لەسەر ڕەشنوسى پڕۆژە یاسای بودجە تێگەیشتنیان هەیە و هەنگاویان بەرەو کۆتایى هێنان بەو پرسە ناوە، بەڵام کێشەکە ئێستا لەپەرلەماندا ماوەتەوە.
ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، پشکى هەرێم هێشتا لەبودجەکەدا یەکلایى نەکراوەتەوە لەنێوان لایەنە سیاسیەکانى ناو پەرلەماندا.
کۆچەر رونیکردەوە، لایەنى ئۆپۆزسیۆنى ناو پەرلەمان ئەوانەى کە ناڕازین لەڕێککەوتنى هەرێم و فیدراڵ هیچ دەقێکى جێگرەوەیان پێ نییە بۆ ڕێککەوتنەکە بۆیە هیچ ڕێککەوتنێکیش لەو بارەیەوە تا ئێستا نەهاتووەتە ئاراوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ (یەکشەممە) لەڕاگەیەنراوێکدا پەرلەمانى عێراق، دەستپێکردنەوەى 46هەمین کۆبونەوەى لیژنەى دارایى پەرلەمانى بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە ڕاگەیاند.