گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دوێنێ یەكێتی سێ ناوی تری بۆ پارێزگاری كەركووك بۆ ئێمە ناردووە

وتەبێژی پارتی: لەسەر فەرەیدون عەبدولقادر بۆ پارێزگاری کەرکوک ڕێککەوتین بەڵام یەکێتى کشایەوە

2019.05.28 - 16:51
وتەبێژی پارتی: لەسەر فەرەیدون عەبدولقادر بۆ پارێزگاری کەرکوک ڕێککەوتین بەڵام یەکێتى کشایەوە
ناس کورد- وتەبێژی پارتی ڕایگەیاند، مەسعود بارزانی و کۆسرەت ڕەسوڵ لەسەر دیاریكردنی فەرەیدوون عەبدولقادر بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك ڕێككەوتبوون بەڵام "كاتژمێر دەی دوێنێ شەو سەكردەیەكی یەكێتی سێ ناوی تری بۆ پارێزگاری كەركووك بۆ ئێمە ناردووە كە ئەمە پێشێلكردنی ڕێككەوتن و بەڵێنەكان بووە." مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی لە ڕونکردنەوەیەکدا دەڵێت، "لە ڕێککەوتنى 4ی ئازاری 2019دا لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیی مێژوویی و پەرۆشی بۆ كەركووك و ناوچەكانی ماددەی 140، بە تایبەتیش لەدوای ڕووداوە شوومەكەی 16ـی ئۆكتۆبەر، لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لەسەر دیاریكردنی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركووك ڕێككەوتین، بە جۆرێك كە هاوتەریب لەگەڵ پێكهێنانی حكوومەتی هەرێم هەنگاوی پێویستیش بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی پارێزگای كەركووك بەدانانی پارێزگاریشەوە بنرێت، ئەویش بەپێی ڕێككەوتنی نێوان بەڕێزان سەرۆك بارزانی و كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی." . دەشڵێت، "بەداخەوە برادەرانی یەكێتی بەبێی ڕەچاوكردنی بارودۆخی هەستیاری هەرێم و بە پشتگوێخستنی چاوەڕوانییەكانی خەڵكی كوردستان و ئیرادەی گەل پشتیان لە ڕێككەوتنەكان كرد و ئامادەی دانیشتنی پارلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم نەبوون، هەروەكچۆن پێشتریش پشتیان لە ڕێككەوتن كرد و بەشداری كۆبوونەوەی 18ی شوباتی 2019ی پارلەمانی كوردستان نەبوون." ئاماژەى بەوەشکرد، "پارتی هەر لەسەرەتاوە تێگەییشتنی بۆ كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی هەبووە و لەو ڕوانگەییشەوە سیاسەتی پشوودرێژی و ئاسانكاری لەبەرانبەر یەكێتی گرتەبەر و هەر ئەوەیش بووە هۆی دواكەوتنی پێكهێنانی دامەزراوە شەرعییەكانی هەرێمی كوردستان." ڕاشیگەیاند، "بەداخەوە پشتكردنی برایانی یەكێتی لە ڕێككەوتنەكان و هەوڵدان بۆ كاتكوشتن لە چەند مانگی ڕابردوو ئەو گومانەیش دروست دەكات كە هەر لەسەرەتاوە ئەوان ئامانجیان بووە كە پڕۆسەی سیاسیی دوا بخرێت و پەك بخرێت و بە ئەنجام نەگات."