ناس کورد-
بڕیارگەى ناوەندی پاراستنی گەل - نەپەگە سەرکەوتنی بەرخۆدانی گارەی ڕاگەیاند و ئاشکراشی کرد، هێرشی سەر کەمپی دیلەکانی تورکیا لە گارە، بەهیچ جۆرێک بۆ ڕزگارکردنیان نەبووە، بەڵکو ئامانج لەناوبردنیان بووە و تورکیا خۆی لێی بەرپرسیارە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا بڕیارگەى ناوەندی پاراستنی گەل – نەپەگە (یەکشەممە 14ی شوباتی 2021) ڕایگەیاند، " بەرەبەیانی ئەمڕۆ 14ی شوبات بەهۆی شکستهێنانیان، سوپای دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ناچاربوو لە چیای گارە بکشێتەوە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، " تورکیا دەیویست بەشێوەیەکی تەواوەتی لە چیای گارە بمێنێتەوە، بەڵام بەرخۆدانی گەریلا ڕێگای پێنەدا و بە ناچاری کشانەوە."
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی نەپەگەدا هاتووە، سوپای تورکیا هێرشی ئاسمانی و زەمینیی کردووەتە سەر کەمپی دیلەکان و بووەتە هۆی کوژرانی بەشێک لە ئەندامانی میت و پۆلیسی خۆی، کە لای گەریلا دیل بوون.
ڕوونیشیکردووەتەوە، هێرشی سەر کەمپی دیلەکان بەهیچ جۆرێک بۆ ڕزگارکردنیان نەبووە، بەڵکو ئامانج لەناوبردنیان بووە و تورکیا خۆی لێی بەرپرسیارە.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراواکەیدا ناوەندی پاراستنی گەل ڕایگەیاندووە، لە ماوەیەکی نزیکدا ئەنجامی بەرخۆدانی گەریلاکان و شکستی سوپای تورکیا لە شەڕی گارەدا بە ئاماری وردترەوە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەن.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا لەمیانەی سەردانێکیدا بۆ ناوەندی بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنی چنگی هەڵۆ لە شڕناخ کشانەوەی هێزەکانی لە چیای گارە و کۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنی دووەمی چنگی هەڵۆی ڕاگەیاند.