ناس كورد-
عالیە نوسەیف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئەو قسانەی بەناوی ئەوەوە بڵاوكراونەتەوە و تێیدا داوای سڕینەوەی زمانی كوردی لەسەر پاسپۆرتی عێراقی دەكات هیچ پەیوەندی بەوەوە نییە، بەڵكو پەیجێك لە فەیسبوك بەناوی ئەوەوە دانراوە و قسە و لێدوان بەناوییەوە بڵاودەكاتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لەڕاگەیەنراوێکدا کە کۆپیەکى بەدەستى "ناس کورد" گەیشتووە، نوسینگەى ڕاگەیاندنى عالیە نوسەیف، پەرلەمانتارى دەوڵەتى یاسا لەپەرلەمانى عێراق (یەکشەممە 14ى شوباتى 2021) ڕایگەیاندووە، نوسەیف ڕێز لەهەموو پێکهاتەکانى عێراق دەگرێت و شانازى بەکەلتور و زمان و دابونەریتیانەوە دەکات.
ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، ئەو پەیجەى کە ئەو جۆرە بابەتى بڵاوکردووەتەوە پەیجى فەرمیى ئەو نیە، بەڵکو پەیجى یەکێکە لەلایەنگرانى و لاى خۆیەوە دایناوە و نامەشیان بۆ ناردووە و داوایان لێکردووە ئەو وتەیە کە هى ئەو نیە بیسڕیتەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو وتەیەی عالیە نوسەیف، بەشێک لە میدیاکان وەک وتەی فەرمیی پەرلەمانتارەکە بڵاویانکردەوە و ئەوەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و داوای دادگایی کردنی ناوبراو کرا، لە بەرامبەر سوکایەتیکردن بە زمانی کوردی و پێشێلکردنی دەستور.