گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەدوای هەڕەشەکانی ئەردۆغان

سوپای عێراق: ھیچ دیاردەیەکی چەکداریی لە شنگال بوونی نییە

2021.02.14 - 12:14
App store icon Play store icon Play store icon
سوپای عێراق: ھیچ دیاردەیەکی چەکداریی لە شنگال بوونی نییە

ناس کورد-

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق دووپاتیکردەوە کە ھیچ دیاردەیەکی چەکداریی لە شنگال بوونی نییە و ڕایگەیاند کە دۆسیەی ئەمنی قەزاکە لەلایەن سوپا، پۆلیسی خۆجێی و ئاسایشی نیشتمانییەوە بەڕێوەدەبرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە

 

تەحسین خەفاجی، وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە باسی لە پێشھاتەکانی قەزای شنگال لە ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا دەکات و دەڵێت، "سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، مستەفا کازمی فەرمانی داوە لەوەی کە دەبێت شنگال بەتاڵ بێت لە دیاردەی چەکداریی".

 

وتیشی، "لەئێستادا تەنھا ھێزەکانی سوپا، پۆلیسی خۆجێی و ئاسایشی نیشتمانیی لەناو شاری شنگال بوونیان ھەیە و ھێزەکانی پۆلیسی فیدراڵیش لە ناوچە سنوورییەکان و دەرەوەی شاری شنگال جێگیرکراون".

 

تەحسین خەفاجی ئاماژەی بەوەیشدا کە جگە لە ھێزە ئەمنییەکانی سەربە حکومەتی فیدراڵ، ھیچ لایەنێکی دیکە ئاسایشی شاری شنگال بەڕێوەنابات و وتی، "ھێزە ئەمنییەکان لەسەر فەرمانی مستەفا کازمی ھەوڵەکانیان بۆ پاراستنی ئاسایشی قەزای شنگال لە پێناو گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان، خستووەتەگەڕ".

 

قسەکانی خەفاجی لەکاتێکدا، ڕۆژی 22ی کانونی دووەمی 2021، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا جارێكی تر هەڕەشەكانی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە شاری شنگال دژی پەكەكە ڕاگەیاندەوە.

 

بەپێی ئاژانسى ئەنادۆڵى تورکى کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە، ئەردۆغان دوای بەجێهێنانی نوێژی هەینی لە مزگەوتی کەرەم ئایدنلار لە ئیستانبوڵ، قسەی بۆ میدیاکاران کردووە و لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی شنگال، وتویەتى "هەمیشە گوتەیەکم هەیە، رەنگە شەوێک لە پڕدا بێین".

 

ڕۆژی نۆی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و دروستکردنی ئیدارەیەکی نوێ بۆ قەزاکە ڕێککەوتن.

 

بەپێی رێککەوتنەکە، ئیدارەیەکی ھاوبەش لەنێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێم لە شنگال دروست دەکرێت و دۆسیەی ئەمنیی شارەکە بە پۆلیسی خۆجێی و پاراستنی دەرەوەی شارەکەش بە سوپای عێراق و پێشمەرگە دەسپێردرێت و سەرجەم گرووپە چەکدارییە نایاساییەکان دەچنە دەرەوەی قەزاکە.

 

رۆژی چوارشەممەی ھەفتەی رابردوو، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی رایگەیاندبوو "تا ئێستا رێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکراوە بەو شێوەیەی کە پێشتر رێککەوتن بووە لەنێوان بەغدا و ھەولێر کە چۆن ئەم رێککەوتنە جێبەجێ بکرێت، جێبەجێ نەکراوە. ئەو لایەنانەی کە پێویست بوو ئەو شوێنانە بەجێبھێڵن، ھێشتا لەوێ ماون و ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ئاوارانەی کە لە کەمپەکاندا دەژین، تا ئێستا ئەنجام نەدراوە. کەواتە ئێمە بە جددی ھێشتا چاوەڕێین رێککەوتنەکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، بەڵام تا ئێستا ئێمە بەداخەوە کاتێکی زۆرمان لەدەست چوو، بەڵام جێبەجێ نەکراوە".