گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری زیاتر

پەرلەمانتارێکى فەتح: بودجە بەبێ کوردیش تێپەڕێنرێت کارتى جیابوونەوە بەکارناهێنن

2021.02.13 - 23:11
App store icon Play store icon Play store icon
پەرلەمانتارێکى فەتح: بودجە بەبێ کوردیش تێپەڕێنرێت کارتى جیابوونەوە بەکارناهێنن

ناس کورد- 

ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق لەسەر پشکى هاوپەیمانى فەتح دەڵێت، دەتوانرێت بودجە بەبێ کورد و بەزۆرینە تێپەڕێنرێت، لە ئەگەرى حاڵەتێکى لەو جۆرەش کورد بیر لە بەکارهێنانى کارتى جیابوونەوە ناکاتەوە، چونکە دەزانن لەسەر ئاستى ناوخۆیى و هەرێمى چى ڕودەدات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

موختار موسەوى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لەسەر پشکى هاوپەیمانى فەتح (شەممە 13ى شوباتى 2021) لە لێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا باسى لەوەکردوە، داڕشتنى کۆتایى پرۆژە یاساى بودجە تەواو بووە و ئامادەیە بۆ دەنگدان لەسەرى، چاوەڕێى گفتوگۆکانى نێوان بەغدا و هەرێمى کوردستانین بۆ ڕێکەوتن لەسەر پشکى هەرێم.

 

ڕونیشیکردوەتەوە، پەرلەمان دەتوانێت بەزۆرینە بودجە تێپەڕێنێت بەبێ ڕێکەوتن لەگەڵ کورد، بەڵام دەرفەتماندا بە هەرێمى کوردستان بۆ جێبەجێکردنى ئەرکەکانى بەرامبەر بەغدا، بۆ ئەوەى ڕێکەوتنێکى دادپەروەرانە بکرێت و سەروەت و سامانى عێراق بەشێوەیەکى دادپەروەرانە بەسەر سەرجەم ڕۆڵەکانى وڵاتدا دابەش بکرێت.

 

پێشى وایە، لەگەڵ هەموو تێپەڕاندنێکى بودجە کورد وتارەکانیان توند دەکەنەوە، ئەوەش لەپێناو پەستان خستنە سەر بەغدا بۆ بەدەستهێنانى دەستکەوتى زیاتر، بۆیە بیر لەوە ناکەنەوە باسى جیابونەوە بکەن یاخود ئەو کارتە بەکاربهێنن، چونکە باش دەزانن چى ڕودەدات لەسەر ئاستى ناوخۆیى و هەرێمیى.

 

هاوکات، ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی (شەممە 13ی شوباتی 2021) لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "ناس کورد" ڕایگەیاند، " لە 95%ی بڕگە و ماددەکانی ناو پرۆژەیاسای بودجەی 2021 ڕێککەوتن و سازانی لایەنە سیاسییەکانی لەسەرکراوە، ئەوەی ماوەتەوە تەنها پشکی هەرێم و ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولێرە".  

 

وتیشی، "بەمەبەستی کۆتایی هێنان بە مشتومڕەکانی لایەنەکان لە لیژنەی دارایی لەسەر شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و ڕێککەوتنی بەغدا و هەولێر و چەند بابەتێکی دیکە کە پەیوەندی بە وەزارەتی کارەبا و چەند دامەزراوەیەکی حکومەتی عێراقەوە هەیە، سبەی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگەڵ لایەنە شیعییەکان کۆدەبێتەوە".  

 

وتیشی، "سەرۆکوەزیران جەختیلەوەکردووەتەوە کە ئەو بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نادات لایەن شیعییەکان دەستکاریی ئەو برگەو مادانە بکەن کە دەستورین و حکومەت لە ناو پڕۆژە یاساکەدا دایناوە کە بریتین لەهەردوو مادەی 11 و 12 کە پەیوەندی بە ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولیرەوە هەیە کە تیێدا ئاماژە بەوەکراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە ڕادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتە نا نەوتییەکانی دیکە".  

 

دلێمی ئاماژەی بەوەشکرد، " سبەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جارێکی دیکە کۆدەبێتەوە بۆ چارەسەرکردنی چەند بڕگەیەکی ناو پرۆژەیاساکە لەوانە پرسی شایستەداراییەکانی هێزی پێشمەرگەوە کە دەبێت لەسەر بودجەی سیادی عێراق بێت بەوپێیەی کە ئەو هێزانە بەشێکن لە سیتمی بەرگریی عێراق، بەڵام موچەی ئەو هێزانە لەئێستادا خراوەتە سەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەکەدا."  

 

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، جەختیشکردەوە، " لە ئێستادا لایەنە شیعییەکان بە ڕادەیەکی باش هەڵویستیان بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان گۆڕاوە و تاڕادەیەکی باش تێگەیشتنیتان بۆ دۆخەکە هەیە، بۆیە پێدەچێت پێش کۆتایی ئەم هەفتەیە پرۆژەیاسای بودجە 2021 لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت و بە ئەگەرێکی زۆرەوە بودجەکە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستاندا بێت."