گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەپەلە

’’سبەینێ کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەبارەی پشکی هەرێم لە بودجە ئەنجامدەدرێت’’

2021.02.13 - 22:03
App store icon Play store icon Play store icon
’’سبەینێ کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەبارەی پشکی هەرێم لە بودجە ئەنجامدەدرێت’’

ناس كورد- هەڤاڵ فەتاح

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، ئاشکرایکرد، سبەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەمەبەستی پاڵپشتیکردن لە ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر لەگەڵ لایەن شیعییەکان کۆدەبێتەوە، دەشڵێت، پێش کۆتایی ئەم هەفتەیە پرۆژەیاسای بودجە لە پەرلەمان تێدەپەڕێنرێت و بە ئەگەرێکی زۆرەوە لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستاندا دەبێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە

 

ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی (شەممە 13ی شوباتی 2021) لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "ناس کورد" ڕایگەیاند، " لە 95%ی بڕگە و ماددەکانی ناو پرۆژەیاسای بودجەی 2021 ڕێککەوتن و سازانی لایەنە سیاسییەکانی لەسەرکراوە، ئەوەی ماوەتەوە تەنها پشکی هەرێم و ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولێرە".

 

وتیشی، "بەمەبەستی کۆتایی هێنان بە مشتومڕەکانی لایەنەکان لە لیژنەی دارایی لەسەر شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و ڕێککەوتنی بەغدا و هەولێر و چەند بابەتێکی دیکە کە پەیوەندی بە وەزارەتی کارەبا و چەند دامەزراوەیەکی حکومەتی عێراقەوە هەیە، سبەی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگەڵ لایەنە شیعییەکان کۆدەبێتەوە".

 

وتیشی، "سەرۆکوەزیران جەختیلەوەکردووەتەوە کە ئەو بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نادات لایەن شیعییەکان دەستکاریی ئەو برگەو مادانە بکەن کە دەستورین و حکومەت لە ناو پڕۆژە یاساکەدا دایناوە کە بریتین لەهەردوو مادەی 11 و 12 کە پەیوەندی بە ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولیرەوە هەیە کە تیێدا ئاماژە بەوەکراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە ڕادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتە نا نەوتییەکانی دیکە".

 

دلێمی ئاماژەی بەوەشکرد، " سبەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جارێکی دیکە کۆدەبێتەوە بۆ چارەسەرکردنی چەند بڕگەیەکی ناو پرۆژەیاساکە لەوانە پرسی شایستەداراییەکانی هێزی پێشمەرگەوە کە دەبێت لەسەر بودجەی سیادی عێراق بێت بەوپێیەی کە ئەو هێزانە بەشێکن لە سیتمی بەرگریی عێراق، بەڵام موچەی ئەو هێزانە لەئێستادا خراوەتە سەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەکەدا."

 

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، جەختیشکردەوە، " لە ئێستادا لایەنە شیعییەکان بە ڕادەیەکی باش هەڵویستیان بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان گۆڕاوە و تاڕادەیەکی باش تێگەیشتنیتان بۆ دۆخەکە هەیە، بۆیە پێدەچێت پێش کۆتایی ئەم هەفتەیە پرۆژەیاسای بودجە 2021 لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت و بە ئەگەرێکی زۆرەوە بودجەکە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستاندا بێت." 

 

بە وتەی بەرپرسانی هەرێم بڕیاریشە بەزووترین کات، شاندی باڵای حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی سەردانی بەغدا بکەنەوە بۆ دوایین گفتوگۆکانی هەردوولا لەبارەی پشکی هەرێم لە بودجەی 2021.

 

ئومێد سەباح لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی حزبەکەى کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (13ی شوباتی 2021) کردووە لەبارەى داوای حكومەتی عێراق بۆ ڕادەستكردنی دۆسیەی نەوتی ھەرێم ڕایگەیاند، "تائێستا حكومەتی عێراق بە فەرمی ھیچ پێشنیازێكی لەمشێوەیەی پێشكەش بە ئێمە نەكردووە، كۆمەڵێك پرسیار لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاڕاستەی شاندی باڵای حكومەتی ھەرێم كران، لەدوای ڕەزامەنی سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی حكومەت وەڵامی پرسیارەكانمان داوەتەوە، ئەو بابەتە لەناو پرسیارەكان نەبووە".  

 

چوارشەممەى ڕابردوو، مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، بە هیچ جۆرێک ئامادە نین دۆسیەی تەواوەتی نەوت ڕادەستی بەغدا بکەن.  

 

سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان ڕاشیگەیاند، "كەشێكی ئەرێنی" لە گفتوگۆكانی نێوان ھەرێم و بەغدا ھەیە و بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا شاندی باڵای حكومەتی ھەرێم بۆ دانوستان سەردانی بەغدا بكاتەوە.  

 

ئومێد سەباح ڕاشیگەیاند، "لە قۆناغی پێشتردا لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، پڕۆژەیاسای بودجەمان ئامادە كرد و لێكتێگەیشتنی باش ھاتووەتە ئاراوە، دواتر لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق و ھەردوو وەزیرانی دارایی و نەوت كەوتینە گفتوگۆ، ئەو پڕۆژەیاسایەكی لەسەری رێككەوتبووین ئەوەیان رەوانەی پەرلەمانی عێراق كرا، لە قۆناغی سێیەمدا لەگەڵ لیژنەی دارایی عێراق دانوستانمان كرد، تاكو ئێستا كەشێكی ئەرێنی باش لە گفتوگۆكانمان ھەیە، ھەرچی داتا و زانیاری كە ئەوان مەبەستیان بوو پێشكەشمان كردن، ھیواخوازین ھەردوولامان لە چواچێوەی دەستووردا بگەینە رێككەوتنێكی باش".