گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناس کورد ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لەناو قوتابخانەکانی هەرێم ئاشکرا دەکات

2021.02.13 - 12:08
App store icon Play store icon Play store icon
ناس کورد ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لەناو قوتابخانەکانی هەرێم ئاشکرا دەکات

ناس کورد-
بریکاری وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، سێ خوێندکار لە قوتابخانەیەکی مێرگەسور توشی کۆرۆنا بوون و سێ قوتابیش لە قوتابخانەیەکی گوندێکی دەوروبەری سلێمانی گومانلێکراون، وتەبێژی تەندروستیش جەخت دەکاتەوە کە "تاوەكو ئێستا پرۆسەی خوێندن بە باشی بەڕێوە دەچێت."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە

 

سەیوان عەلی، بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان (13ی شوباتی 2021) لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" ڕایگەیاند، ئەم هەفتەیە بەهۆی ئەوەی سەرەتای کردنەوەی دەوامی قوتابخانەکان بووە ئاماری توشبووانی کۆرۆنا لە قوتابخانەکان نەگەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی پەروەردە، "بەڵام لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە ئەوەی هەبوو بێت ئاگادارکراوینەتەوە و جەخت لەوەشکراوەتەوە لە هەفتەی داهاتووەوە ئامارەی توشبووان ڕەوانەی وەزارەتی پەروەردە بکرێتەوە."


سەبارەت بەو قوتابی و خوێندکارانەی تائێستا وەک توشبووی کۆرۆنا تۆمار کراون، سەیوان عەلی وتی، "لە مێرگەسور سێ قوتابی وەک توشبووی پەتاکە دیاریکراون و تا ئێستاش ڕوون نییە تەنها پۆلەکەیان دادەخرێت یاخود قوتابخانەکەیان، جگە لەوەش لە قوتابخانەی گوندێکی دەوروبەری سلێمانی سێ قوتابی دایک و باوکیان توشبووی کۆرۆنان و بەوهۆیەوە لەلایەن قوتابخانەکە ئەو خوێندکارانە ڕەوانەی پکشنین کراون و تاوەکو ئێستا ئەنجامەکەی نەگەڕاوەتەوە کە توسبووی کۆرۆنان یاخود نا".

هاوکات ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، "تاوەكو ئێستا پرۆسەی خوێندن بە باشی بەڕێوە دەچێت و ھیچ راپۆرتێكمان بۆ نەھاتووە، كە دۆخەكە خراپ بێت و بڕیاریشە دوو ھەفتە جارێك ھەڵسەنگاندن بۆ دۆخەكە بكرێت و وەزارەتی پەروەردەش سەرپشك كراوە، كە چۆن مامەڵە لەگەڵ قوتابخانەكان دەكات و ئێمەش بە وردیی چاودێریی دۆخەكە دەكەین".


ئەوەشی وتووە، "پرۆسەی خوێندن لە قۆناغی 12ی ئامادەیی نزیکەی مانگێکە دەستی پێكردووەو باش بەڕێوە دەچێت و دواتریش قۆناغەكانی دیكەش دەستی پێكردووەو ھیچ راپۆرتێكیش بۆ ئێمە نەھاتووە كە دۆخەكە خراپ بێت و بە چەند رۆژێكیش ناتواندرێت ھەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت، بۆیە بڕیارمانداوە ھەر دوو ھەفتە جارێك ھەڵسەنگاندن بۆ دۆخەكە بكەین و ئەو كات بڕیاری لێ بدەین".


حەوێزی وتیشی، "بە وردی چاودێریی دۆخەكە دەكەین و لە ھەر شوێنێك گومان یان حاڵەت ھەبێت و چەند كەسێك لە قوتابخانەیەك توش بن، ئەوكات بڕیاری لێ دەدەین، بەڵام تا ئێستا ھیچمان بۆ نەھاتووە، بۆیە وەزارەتی پەروەردە سەرپشك كراوە لە ھەر قوتابخانەیەك حاڵەت ھەبێت، دایبخات یان چۆن مامەڵەیان لەگەڵ بكات، لەبەر ئەوە تا ئێستا پرۆسەكە باش بەڕێوە دەچێت و كێشەمان بۆ دروست نەبووە".

پێشتر وەزیری تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند، سەنتەرەكانی چاودێری پەتا تێبینی چەند شتێكی جێگە نیگەرانییان كردووە لەبارەی زیادبوونی ژمارەی توشبوون بە كۆرۆنا، ئەمەش پێویستی بە پاڵپشتی لیژنەی باڵای تەندروستی نیشتمانی هەیە.


حەسەن محەمەد تەمیمى، وەزیرى تەندروستى عێراق (12ى شوباتى 2021) لە لێدوانێکى بۆ ڕۆژنامەى سەباحى فەرمى کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە ئاماژەى بەوە کرد، لەگەڵ وەزارەتى پەروەردە و خوێندنى باڵا لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەى خوێندن بکرێتە ئەلیکترۆنى و خوێندنى ناو پۆل رابگیرێت.