گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عێراقی تێدایە

ڕاپۆرتێک وڵاتانی خاوەن نەوت توشی شۆک دەکات.. ئابورییان دادەڕمێت

2021.02.12 - 15:55
App store icon Play store icon Play store icon
ڕاپۆرتێک وڵاتانی خاوەن نەوت توشی شۆک دەکات.. ئابورییان دادەڕمێت

ناس کورد-

ناوەندێکی توێژینەوەی بەریتانی بڵاویکردەوە، وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت تاساڵی 2040 دوچاری  لەدەستدانی ملیارەها دۆلار دەبنەوە بەهۆی کەمبوونەوەی خواست لەسەر ئەو بەرهەمە، ئاماژە بەوەشکراوە، عێراق یەکێکە لە وڵاتانی کە توشی تەنگەژەیەکی ئابوریی سەخت دەبێتەوە. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەگوێرەی هەواڵێکی تۆڕی هەواڵی " بی. بی.سی"ی بەریتانی (هەینی 12ی شوباتی2021) کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە، ناوەندی توێژینەوەی "کاربۆن تراکەر" لەڕاپۆرتێکیدا ئەوەی خستووەتەڕوو، "وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت تا ساڵی 2040 دوچاری لەدەستدانی ملیارەها دۆلار دەبنەوە، ئەوەش بەهۆی کەمبوونی خواستی جیهانی لەسەر نەوت".

 

ڕاپۆرتی ناوەندەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، " پێدەچێت هەندێک لەوڵاتانی خاوەن نەوت لە 40٪ ی بودجەکانیان لەدەست بدەن، بەتایبەتی کە لەئێستا جیهان بەرەو کەمکردنەوەی بەکارهێنانی نەوت و هاوشێوەکانیان هەنگاو دەنێت".  

 

ئەوەش هاتووە، "پێشبینی دەکرێت هەموو وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت نزیکەی 13 تریلیۆن دۆلار بە نرخی دۆلار لە ساڵی 2020  لەدەست بدەن لەگەڵ هاتنی ساڵی 2040".

 

ڕاپۆرتەکە  ئەوەی روونکردووەتەوە، "جیهان هەوڵەکانی  بۆ کۆنترۆڵکردنی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لەسەر زەوی چڕدەکاتەوە کە ئەوەش وادەکات بەدوای وزەی پاکدا بگەڕێت کە گازی کاربوونی تێیدا نەبێت".

 

ناوەندەکە لە هۆشدارییەکدا بۆ وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت بەرپرسانی سیاسەتی نێودەوڵەتی ئەوەی ڕوونکردووەتەوە، "ئەوانەی نەخشەیان لەسەر ئەو بنەمایە داناوه کە خواستی نەوت تا ساڵی 2040 بەردەوام بەرز دەبێتەوە ڕاست نییە، چونکە خواست لەسەر ئەو بەرهەمە زۆر کەمدەبێتەوە، جیهان هەوڵەکانی بۆ ڕاگرتنی گۆڕانی کەشوهەوا دەخاتەگەر، بۆیە نرخەکان نزمتردەبنەوە کە ئەوەش وادەکات ئابوریی وڵاتانی بەرهەمهێن و پیشەسازییە نەوتییەکان دوچاری گورزێکی سەخت ببنەوە".

 

ئاماژە بەوەشکراوە، " لەدەستدانی 13 ترلیۆن دۆلار داهات ئەو وڵاتانەش دەگرێتەوە کە ئابوریەکانیان بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بەنەوت نابەستێت، وەک ئەمەریکا، بەریتانیا، چین و هیندستان".

 

ڕاپۆرتەکە جەختی لەسەرئەوەش کردووەتەوە، "ئەو 40 وڵاتەی کە پێیان دەڵێن وڵاتانی نەوت چاوەڕوان دەکرێت بودجەکەیان زیانی زۆر گەورەیان پێبگات کە دەکاتە لە 46٪ ی بودجەکانیان کە پاڵپشتە بە داهاتی نەوت و گاز".

 

ڕاپۆرتەکە باسی لەوەشکردووە، " پشتبەستن بە داهاتی غاز و نەوت بۆوڵاتانی وەک عێراق و غینیای ئیستوایی زۆر گرنگە و دەگاتە زیاتر لە 80%دا، بەڵام پێدەچێت سعودیە، پشت بەستنی بە داهاتی نەوت لە 60 %دا تێپەڕنەکات".

 

ئەوەشخراوەتەڕوو،"هەندێک وڵات ڕووبەڕووی زیانی گەورەی بودجە دەبنەوە وەک ئەنگۆلا و ئازەربایجان پێشبینی ئەوە دەکرێت لانی کەم  40٪ ی داهاتەکانیان لە دەست بدەن،  پێشبینی ئەوەش دەکرێت 12 وڵاتی دیکە کە بریتین لە سعودیە، جەزائیر و نایجیریا، 20 بۆ 40٪ی داهاتەکانیان لەدەست بدەن".