ناس کورد-
سەنتەری ئیمارات بۆ سیاسەت لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا بڵاوی کردووەتەوە، لایەنە شیعییەکانی نزیک لە ئێران نایانەوێت چارەنووسی ئەو حکومەتە عێراقیەی کە بەنیازن لە داهاتوودا لەنێوخۆیاندا دابەشی بکەن بکەوێتە ژێر هەژموون و ڕەحمەتی ئەو شەقامەی کە لێیان ناڕازییە، بۆیە پێدەچێت هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام نەدرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەی ڕاپۆڕتێکی ناوەندەکە (هەینی 12ی شوباتی 2021) کە" ناس کورد" بەدواداچوونی بۆکردووە، دوو سیناریۆ خراوەتەڕوو بۆچارەنووسی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی عێراق، یەکەمیان، هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا ناکرێت و لە مانگی حوزەیرانی 2022دا لە وادەی ئاسایی خۆیدا ئەنجام دەدرێت، دووەمیان، هەڵبژاردنی پێشوەختە لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا لەمانگی تشرینی یەکەمی بەڕێوە دەچێت.
ڕاپۆرتەکە باسی لەوەکردووە، "هەموو ئاماژەکان بۆئەوە دەچن کە لایەنە شیعییەکانی نزیک لە ئێران لەهەوڵی ئەوەدان هەڵبژاردنەکان دوابخرێت، چونکە نایانەوێت چارەنووسی ئەو حکومەتەی کە لە داهاتوودا بەنیازن لە نێو خۆیاندا دابەشی بکەن بکەوێتە ژێرکاریگەری ڕەحەمت و هەژموونی ئەو شەقامەی کە لێیان ناڕازییە و لەماوەی ڕابردوودا دژیان خۆپیشاندانی کردووە و تائێستاش هەر بەردەوامە".
ناوەندە ئیماراتییەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لایەنە شیعییەکانی نزیک لە ئێران دەیانەوێت بە بیانوو و پاساوی یەکلانەکردنەوەی دۆسییەی دادگای فیدراڵی و لەمپەرەکانی بەردەم نوێکردنەوەی تۆماری دەنگداران، کات بکوژن و تەگەرە و ئاستەنگی بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەکە دروست بکەن".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "لایەنەکان ویستی پەرلەمانتارەکانیان لەبەرچاو گرتووە کە نایانەوێت قوربانی بە 10مانگی ڕاژەکەیان لەپەرلەماندا بدەن، هاوکات کۆبوونەوەی تینی خۆپیشاندانەکان و دەنگی ناڕەزایەتی شەقام و لاوازیی ڕەوتی سەدری سەربە موقتەدا سەدر، بەراورد بەجاران لەهەژاندن و جوڵاندی شەقام بە مەبەستی فشارکردنە سەرئەو لایەنانە و حکومەت وەک هەل بۆ ئەومەبەستە قوستووەتەوە."
ئەگەر بڕیاربوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە 6ی حوزەیران ئەنجامبدرێت، بەڵام وادەکە بۆ 10ی تشرینی یەکەم، بەڵام ئەو گومان هەیە کە لەو بەروارەشدا هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت.