ناس کورد-
وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیاریدا بە دابینکردنی بڕی 50 ملیۆن لیتر نەوتی دیکە بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و هەر بەرمیلێکی بە 31 هەزار و 500 دینار دەدرێت بە هاووڵاتیان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەی نوسراوی ژمارە (1433) کە (چوارشەممە 10ی شوباتی 2021) دەرچووە و غالب محەمەد، ئەندامی لیژنەی وزە و نەوت لە پەرلەمانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، تێیدا وەزیری نەوت و بەڕێوبەرایەتی دابەشكردنی سوتەمەنی ڕەزامەندانداوە لەسەر دابەشكردنی 50 ملیون لیتر نەوتی سپیی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی نوسراوەکە، بڕە نەوتەکە بەمشیوەیە دابەشدەکرێت:
1- پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەرین كۆی هەناردەكردنی دەكاتە (21,500,000) لیتر، كە رۆژانە زیاتر لە (216) هەزار لیتر نەوتی سپی دێت بۆ ئەو سێ شوێنە.
2 - پارێزگای هەولێر زیاتر لە (15,80,000) لیتری بۆ دێت، رۆژانە دەكاتە (144) هەزار لیتر.
3 - بۆ پارێزگای هەڵەبجە (5,250,000) لیتر کە رۆژانە (36) هەزار لیتری بۆ دێت.
4 - بۆ پارێزگای دهۆك (7,900,000) لیتر كە رۆژانە دەكاتە (72) هەزار لیتر.
غالب محەمەد ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو نەوتەی کە دەنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان بەنرخی حکومییە واتا 150 دینار دینار بۆ هەر لیترێک، بۆ هەر بەرمیلێک دەکاتە (31,500)هەزار.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "هیوادارم هەر چوار پارێزگاکە بەو ڕێژە دابەشی بکەن، نرخەکەی زیاتر نەکەن بەبیانوی جۆراوجۆر لەهەموو حاڵەتێکدا دەبێت نرخی بەرمیلێک (35) هەزار تێپەڕ نەکات بەگواستنەوەشەوە، نەک پارێزگارەکان بیدەنە کۆمپانیاکانی یەکێتی و پارتی و بە پارەیەکی زۆرو زیاتر بیدەن بەهاووڵاتیان."