ناس کورد-
لە یەکەمین پەیوەندیی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی وڵاتی چین، جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمەریکا باسی لە پێشێلکارییەکانی وڵاتی چین کردووە بەرامبەر مسوڵمانانی شینگیانگ و ئاماژەی بەوەشکردووە، هاوکاری چین دەکات لە بەرژەوەندی گەلی ئەمەریکا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا کۆشکی سپیی ئەمەریکا (پێنجشەممە 11ی شوباتی 2021) ڕایگەیاند، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی شەوی ڕابردووی، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا و شی جینگ پینگ، سەرۆکی چین، چەند پرسێکی جیاواز تاوتوێ کراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، جۆ بایدن لە یەکەمی پەیوەندیی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتە چینییەکەی نیگەرانییەکانی ئەمەریکای لە پێشیلکارییەکانی چین بەرامبەر مافی مرۆڤ و موسڵمانانی شینگیانگ دووپاتکردووەتەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی کۆشکی سپی، "بایدن جەختیشی لە نیگەرانی ئەمریکا کردەوە لە کردارە ئابورییە زۆر و ناڕەواکانی پەکین."
هاوکات بەگوێرەی تەلەفزیۆنی فەرمیی چین، سەرۆکی هەردوو وڵات، باسیان لە پرسی ئابوری و بازرگانی و بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کردووەتەوە لە جیهاندا.
لەدوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەش، لە تویتێکدا جۆ بایدن ڕایگەیاند، بە سەرۆکی چینی ڕاگەیاندووە، هاریکاری لەگەڵ وڵاتی چین دەکات، لە بەرژەوەندی گەلی ئەمەریکا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، زیاتر لە ملیۆنێک موسڵمانی "ویغور"ی لە ژێر دەسەڵاتی دەسەڵاتدارانی چیندا دەچەوسێندرێنەوە و مافەکانیان پێشێل دەکرێت و بەبێ بەرامبەر کاریان پێدەکرێت.
لەماوەی ڕابردوودا، چین داوای لە ئەمەریکا کرد، لە سەردەمی ئیدارەی جۆ بایدندا پەیوەندییەکانیان بەرەو باشبوون ببەن کە لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا ئاڵۆزی زۆری بەخۆیەوە بینی.