گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تایبەت

وەزارەتی پەروەردە ڕوونکردنەوە لەسەر بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا لەناو قوتابخانەکان دەدات

2021.02.09 - 21:25
App store icon Play store icon Play store icon
وەزارەتی پەروەردە ڕوونکردنەوە لەسەر بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا لەناو قوتابخانەکان دەدات

ناس کورد-
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم لەبارەى دەنگۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە چەند قوتابخانەیەکی سلێمانی و مێرگەسور ڕوونکردنەوە دەدات و جەخت دەکاتەوە کە "لە کۆتایی هەفتەدا ڕاپۆرتی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکان ڕەوانەی وەزارەت دەکرێن و بەرچاو ڕوونی تەواومان دەبێت."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سەیوان عەلی، بریکاری وەزارەتی پەروەردەی هەرێم لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" ڕایگەیاند (9ی شوباتی 2021)، "پەیوەندیمان بە پەروەردەی  سلێمانییەوە کردووە و پێی ڕاگەیاندین کە شتی وا نییە، تەنها ئەوەیە کە لە گوندێکی سنورەکە کە 13 خوێندکاری هەیە یەک دوو خوێندکار دایک و باوکیان نەخۆش کەوتوون و ڕەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە و داواکراوە پشکنین بکەن تاوەکو بزانین ئەو خویندکارانە هەڵگری ڤایرۆسەکەن یاخود نا، بەڵام وەڵاممان وەرنەگرتووەتەوەو چاوەڕوانی ئەنجامی پشکنینەکان دەکەین".

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە

 

سەیوان عەلی لەبارەى داخستنی قوتابخانەیەکیش لە قەزای مێرگەسۆر پشتڕاستی کردەوە کە "بەهۆی توشبوونی سێ خوێندکاری قوتابخانەکە داواکراوە قوتابخانەکە دابخرێت چونکە 15 قوتابی هەیە، تاوەکو ئەو خوێندکارانە چاک دەبنەوە قوتابخانەکە داخراوە، بۆ ئەوەش دەسەڵات دراوەتە بەڕێوەبەری پەروەردەکان و یەکە ئیداریەکانی قەزاکە لەکاتی تۆمارکردنی چەند حاڵەتێکی کۆرۆنا بڕیاری داخستنی قوتابخانەکە بدەن."

 

جەختی کردەوە کە "100%ی قوتابخانەکە دانەخراوە بەڵام بەهۆی ئەوەی خوێندکاری کەمە داواکراوە تاوەکو چاکبوونەوەی ئەو سێ قوتابییە خوێندن ڕابگرن و ئەوەش کێشەیەک دروست ناکات."

 

بریکاری وەزیری پەروەردە وتیشی کە "داوامانکردووە هەموو هەفتەیەک لە کۆتایی هەفتەکەدا ئامارەکانی توشبووانی کۆرۆنامان بۆ ڕەوانە بکەن و بۆ ئەوەش لە کۆتایی هەفتە بەرچاوڕوونی تەواومان دەبێت لەوبارەیەوە."

 

بەڵام عومەر ئەمین، جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "ناس کورد" دەڵێت، "گومان دەکرێت 13خوێندکار لە یەکێک لە قوتابخانەیەکدا هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بن".

 

عومەرئەمین، جەختی لەوەشکردەوە، "هەر خوێندنگایەک پێنج حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنای تێدا تۆماربکرێت، ڕاستەوخۆ ئەو خوێندنگایە دادەخەین".  

 

  کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە

 

لەلایەکی دیکەوە ئەحمەد محەمەد نوح بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر لە میانی لێدوانێکی تەلەڤیزیۆنی کە "ناس کورد" بینەری بوو (9ی شوباتی 2021) وتی، "سەردانی ئەو قوتابخانەیەم کرد و دەوام ئاسایی بووەو مامۆستایان لە قوتابخانەکە بوون، ئەوەی هەبووە لەو گوندە پێشتر خەڵکەکەی توشی کۆرۆنا بوون و بەوهۆیەوە قوتابیەکی پۆلی شەش کە خێزانەکەی توشبووی کۆرۆنان دوای پشکنین دەرکەوتووە توشبووی کۆرۆنایە، بۆ ئەوەش لەسەر ڕێنماییەکان لەگەڵ مامۆستایانی قوتابخانەکە دانیشتمانکردو بڕیاردرا ئەو پۆلە کە پۆلی شەشەمە تاوەکو 14 ڕۆژ دابخرێت و پۆلەکانی دیکە دەوامی ئاسایی بکەن".

 

ئەوەشی وت، "قوتابخانەکە قوتابخانەی هەمدلای بنەڕەتییە و لەو قوتابخانەیە 112 قوتابی هەیە و ئەو قوتابییەش کە توشبووی کۆرۆنایە تەنها یەکەم ڕۆژی کردنەوەی قوتابخانەکە هاتووەتەوەو ڕۆژی دووەم پشکنینەکەی هاتووەتەوەو وەکو توشبوو دیاریکراوەو بۆ ئەوەش داوا لە دایکان و باوکان دەکەین کە قوتابییەکەش توشبووی کۆرۆنایە نەینێریتەوە بۆ قوتابخانە، داواشیکرد، لیژنەیەکی تەندروستی پێکبهێنریت و چەند پشکنینێکی دیکە لە قوتابخانەکە بکەن  تاوەکو بەرچاو ڕوونی تەواومان هەبێت، چونکە تاوەکو لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێرەوە ڕێنماییمان نەدرێتی ئێمە ناتوانین بریاری داخستنی قوتابخانەکە بدەین".

 

لە ڕۆژی (یەکشەممە 7ی شوباتی 2021) قۆناغە ناکۆتاییەکانی خوێندن جارێکی دیکە دەستیان پرۆسەی خوێندن کردەوە، بەڵام بەشێوازی تەناوب واتا سێ ڕۆژ لەهەفتەیەکدا، ئەوە لەکاتێکدا کە قۆناغی شەشی ئامادەیی لە 16ی مانگی ڕابردووەوە دەستیان بە پڕۆسەی خوێندن کردووەتەوە.