ناس کورد-
وەزارەتی ڕۆشنبیری لەسەر چاوپێکەوتن لەگەڵ جانێ حەیران کە خۆی وەکو هونەرمەند ناساندووەو پەخشکردنی لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن هاتەدەنگ و وتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت "ناکرێت بێدەنگ بین لێی و بێدەنگیش نابین".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
نامیق هەورامانی، وتەبێژی وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد"، (9ی شوباتی 2021) ڕایگەیاند، "لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە چەند ڤیدیۆ و چاوپێکەوتنێکمان بەدی کردووە کە هۆکارێکە بۆ شێواندنی داب و نەریتی کۆمەڵگەکەمان و بۆ ئەوەش بەپێی ڕێنمایی و ڕێکارە یاساییەکان مامەڵە لەگەڵ ئەو کەناڵانە دەکەین کە هۆکارن بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو چاوپێکەوتن و ڤیدیۆیانە."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
باسی لەوەشکرد، گرفتی ئێمە وەکو وەزارەتی ڕۆشنبیری لەگەڵ هەندێک ڤیدیۆی نەشیاو ئەوەیە کە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەبێتەوە و بۆ ئەوەش تائێستا یاسایەکی بەرکار نییە سزاکانی دیاری بکات و لە ئێستا کار دەکرێت ئەوە بەیاسا ڕێکبخرێت و بەوەش ئەوکات بە یاسای (چۆنێتی مامەڵە کردن لەگەڵ میدیای ئەلیکترۆنی) ئەو پاشاگەردانییەی ئێستا هەیە ڕێک دەخرێتەوە."
لەسەر چاوپێکەوتنەکەی جانێ حەیران کە باس لەوەدەکات مانگانە پێنج دەفتەر دۆلاری دەست دەکەوێت و باس لە فڕێدان (لەباربردن)ی منداڵ دەکات کە وەکو خۆی دەڵێت لە خۆشەویستەکەی بووە، ئایا تا ئێستا ڕێکاری یاسایی لەگەڵ هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندن گیراوەتەبەر بەهۆی بڵاوکردنەوەی، وتەبێژیەکەی وەزارەتی ڕۆشنبری وتی، "ڤیدیۆکە دوو ڕۆژە بڵاوکراوەتەوە و تا ئێستا ڕێکاری یاسایی لەگەڵ هیچ کەسێک نەگیراوەتەبەر، بەڵام لەناو وەزارەت بەڕێوەبەرایەتییەک هەیە بەناوی بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لەڕێگەی ئەوانەوە بەدواداچوون دەکرێت و ڕێکاری پێویست دەگیرێتەبەر".
سەبارەت بەوەی ئایا چاوەڕوان دەکرێت ئەو کەناڵانەی ئەو چاوپێکەوتنانە بڵاودەکەنەوە سزابدرێن، نامیق هەورامانی وتەبێژی وەزارەتی جەختی کردەوە کە "هەندێک شت هەیە بە یاسا ڕێکخراوەو هەندێکی دیکەش پەیوەندی بە داب و نەریتی کۆمەڵگەوە هەیە، ئەم ڤیدیۆ و چاوپێکەوتننانەی ئێستا بڵاودەکرێتەوە ناکرێت لێی بێدەنگ بین و بێدەنگیش نابین".
هەر لەسەر ئەو پرسە کە وەک دەوترێت (ئەو چاوپێکەوتنەی جانێ حەیران هانی ژنان و کچان دەدات کە خۆیان وەکو کاڵا بەکاربهێنن) "ناس کورد" پەیوەندیکرد بە کوردۆ عومەر، بەڕیوەبەری گشتی توندوتیژی دژی ژنانی هەرێم و وتی، "ئەو پرسە پەیوەندی بەئێمەوە نییە و قسەی لەسەر ناکەین، ئێمە لەسەر سکاڵای ژنێک یان کچێک بەدواداچوون دەکەین کە توندوتیژی بەرانبەر ئەنجامدەدرێت".
چەند ڕۆژێکە لە چەند کەناڵێکی ڕاگەیاندن چاوپێکەوتنێکی جانێ حەیران کە خۆی وەکو هونەرمەند دەناسێنێت بڵاوکراوەتەوەو باس لەوەدەکات (مانگانە پێنج دەفتەر دۆلار پەیدا دەکات و باس لە فرێدان "لەباربردنی" منداڵێک دەکات کە بەوتەی خۆی لە خۆشەویستەکەی دووگیان بووە) ئەوەش نیگەرانی هاووڵاتیانی لێکەوتووەتەوەو هاووڵاتیان لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە داوادەکەن ڕێگری بکرێت لەو چاوپێکەوتننانەو لایەنی پەیوەندیدار بێتە سەرخەت.