گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە پڕۆژەکەدا موچە چۆن دەبێت؟

وادەی ڕەوانەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێم بۆ پەرلەمان ئاشکراکرا

2021.02.09 - 14:37
App store icon Play store icon Play store icon
وادەی ڕەوانەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێم بۆ پەرلەمان ئاشکراکرا

 ناس کورد-

هەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانان بەردەوامن لەسەر کارەکانیان بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 و بە وتەی وەزیری دارایی لە ناوەڕاستی ئەم مانگە پڕۆژەیاساکە ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت و کۆتایی مانگیش دەنێردرێتە پەرلەمان، سەرۆکی لیژنەی داراییش لە پەرلەمان دەڵیت، موچە بەگوێرەی داهات جێگیر دەکرێت.  

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە

 

ئەمڕۆ سێشەممە 9ی شوباتی 2021، لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.

 

زیاد جەبار، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "کۆبوونەوەکەمان تایبەت بوو بە تاووتوێکردنی ئامادەکارییەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021."

 

وتیشی، "بەگوێرەی قسەی وەزارەتی دارایی، لە ناوەڕاستی ئەم مانگە پڕۆژەیاساکە ئامادە دەبێت و ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت بۆ گفتوگۆ لەسەر کردن."

 

سەرۆکی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەشکرد، "بەپێی ئەو قسانەی لە کۆبوونەوەکەدا کران، پێدەچێت تاوەکو کۆتایی مانگ کارەکانی پڕۆژەیاساکە لە ئەنجومەنی وەزیرانیش تەواو بێت و ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت بۆ گتوفۆکردن لەسەری و پەسەندکردن."

 

دەربارەی ئەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم چۆن جێدەکرێتەوە لە پڕۆژەیاساکەدا، زیاد جەبار باسی لەوەکرد، "بەگوێرەی ئەو داهاتەی لەبەردەم حکومەتدایە موچە لە بودجەدا جێگیردەکرێت، ئەوەش تاوەکو ئێستا دیارنییە."

 

لەلایەکی دیکەوە، پەروین نوری، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان (دووشەممە 8ی شوباتی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "سەرقاڵی داڕشتنەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021-ین و لەماوەی 12 ڕۆژدا گفتوگۆکانمان لەسەر پڕۆژەکە تەواو کردووە کە پێشتر دوو مانگی دەویست." 

 

وتیشی، "لە پڕۆژەیاساکەدا تاوەکو ئێستا داهاتی هەرێمی کوردستان خەمڵاندنی بۆ نەکراوە، چونکە تاوەکو ئێستا نازانین چەندمان لە بەغداوە بۆ دێت، لە ئەگەری ڕێکنەکەوتنیش هێشتا هەر نازانین داهات چەند دەبێت، چونکە ئەوەش هێشتا ڕوون نییە." 

 

سەبارەت بە دیاریکردنی نرخی نەوت لە پڕۆژەیاساکەدا باسی لەوەکرد، "چاوەڕوانین ڕێککەوتنی هەرێم و بەغداین و بە پشتبەستن بەو نرخەی عێراق دیاریکردووە ئێمەش دیاریدەکەین، کە 45 دۆلارە بۆ بەرمیلێک." 

 

هاوکات دەربارەی ئەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چۆن لە بودجەدا جێدەکرێتەوە، پەروین نوری باسی لەوەکرد، "ئێمە لەکاتی داڕشتنەوەی بودجەدا، ئەو بڕەی کە پێویستە بدرێت بە موچەی فەرمانبەران دادەنێین، بەڵام ئەوەی بەوشێوەیە تێدەپەڕێندرێت یاخود نا دەکەوێتە سەر پەرلەمان کە چۆن گۆڕانکاری تێدا دەکات، بەوپێیەشی موچە بەپێی داهات دابەشدەکرێت، بۆیە بەپێی داهاتی بەردەست جێی دەکرێتەوە و لە ئەگەری ڕێکنەکەوتن لەگەڵ بەغدا، وەک ئێستا بە لێبڕینەوە دابەشدەکرێت." 

 

لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا وەزیری پلاندانانی هەرێم ڕایگەیاند، لە ئەگەری ڕێککەوتن لەگەڵ بەغداش، ئەو بودجەیەی لە بەغداوە بۆ هەریم دێت بەشی خەرجییەکان و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ناکات. 

 

پەروین نوری باسی لەوەکرد، "لە بودجەی 2021ی عێراق لە بەرامبەر ڕادەستکردنی ئەو بڕە نەوتەی بۆ هەرێم دیاریکراوە، موچەی 682 هەزار موچەخۆری هەرێم لە بودجە جێگیرکراوە و بەشەکەی دیکە کە دەمێنێتەوە دەبێت هەرێم خۆی دابینی بکات، ئەوەی وەزیری پلاندانانیش باسی کردووە لەو چوارچێوەیەدا بووە." 

 

هاوکات دەربارەی ئەو موچانەی لە ساڵی ڕابردوو و ساڵانی پێشووتریشدا پاشەکەوتکراون، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە ئاماژەی بەوەکرد، "موچەی پاشەکەوتکراوی فەرمانبەران لە بودجەی 2021 جێناکرێتەوە." 

 

دەربارەی قەرزەکانی حکومەتی هەرێمیش ئاشکرایکرد، "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی کردووە قەرزی کۆمپانیاکان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا جێگیربکرێت، بۆیە بەشێک لەو قەرزانە دەخرێتە پڕۆژەیاسای بودجە و دەدرێنەوە."