ناس کورد-
ئەندامێکى لیژنەى ئابورى و وەبەرهێنان لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، گەیشتنى وەفدى هەرێم بۆ بەغدا دوایین قۆناغە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هێزە سیاسییەکان بە ئامانجى گەیشتن بە تەوافوقى سیاسی بۆ تێپەڕاندنى بودجە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
نەدا شاکر جەودەت لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەى "سەباح" ى فەرمى کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە رایگەیاندووە، پرۆژەى بودجە چاوەڕوانى دوایین رێککەوتنى سیاسییە و 80 % ى بەندەکانى گۆڕانکاریی تێدا کراوە.
وتیشى بەبێ گەیشتن بە رێککەوتنى سیاسی بۆ تێپەڕاندنى ناتوانرێت پڕۆژەکە تێپەڕێنرێت.
لە ئێستادا لیژنەى دارایی بەشى زۆرى گۆڕانکارییەکانى بودجەى تەواوکردووە و چاوەڕوانى چارەسەرکردنى کێشەى تایبەت بە نەوت و بودجەى هەرێمە بۆ ئەوەى پڕۆژەکە لەپەرلەمان دەنگى لەسەر بدرێت.
ناجى سەعدى ئەندامى لیژنەى دارایی لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵى "UTV"ى عێراقى کە "ناس کورد" بینیویەتى ئاماژەى بەوەکرد، ئێستا چەند بژاردەیەك هەن بۆ چارەسەرى کێشەکە، یەكێك لەوانە سەرپەرشتی بەغدایە بە هاوبەشی لەگەڵ هەرێم بۆ دۆسیەی نەوت، بژاردەی دووەمیش ناردنی 250 بۆ 300 هەزار بەرمیل نەوتە لەلایەن هەرێمەوە بۆ سۆمۆ، ئەو نەوتەی تری کە هەرێم دەینێرێت بۆ هەقدەستی كۆمپانیاكان دەمێنێتەوە.
وتیشى، "یەكێك لەم دووانە لەماوەی 48 کاتژمێر یەكلایی دەبێتەوە".
بەوتەى ناجى سەعدى، ئەوە یەكەمجار بووە بەو شێوەیە شاندی هەرێم بێن و كۆمەڵێك دانیشتنی مێژویی كراون، لایەنەکانیش سنگ فراوان بوونە لەگەڵیان، شاندی هەرێم داتای وردی هێناوە و ئێستا لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكرێت.
روونیشکردووەتەوە کە "شاندی كوردی هەموو داتایەكی راستەقینەیان هێنا و شتێكی میژویی بوو لەبارەى ئەرك و ماف، پێموایە ئەم گرفتە چارەسەر دەبێت و پشت بەخوا لە دوو ڕۆژی تر هەمووشت یەكلایی دەبێتەوە، گەشبینم کە ڕێككەوتن بكرێت".