ناس کورد-
وەزیرى کارەباى حکومەتى هەرێمى کوردستان هۆکارى زیادکردنى نرخى کارەباى ئاشکراکرد و ئاماژەى بەوەشکرد، سێ کۆمپانیا لە پڕۆسەى پێدانى کارەبا بە کەرتى تایبەت کشاونەتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کۆتایی مانگى رابردوو وەزارەتى کارەباى هەرێم بڕیاریدا لەسەر بەرزکردنەوەى نرخى کارەباى نیشتیمانى بۆ ماڵان و بازرگانى و پیشهسازى میرى و كشتوكاڵ.
کەمال محەمەد ساڵح وەزیرى کارەبا ئەمڕۆ یەکشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنى فەرمى پارتى کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە رایگەیاند، نرخى کارەبا ماڵان لەساڵى 2008 ەوە دەستکارى نەکرابوو، ئەگەر نرخى دۆلاریش لەلایەن بەغداوە گۆڕانکاریی تێدا نەکرایە نرخەکە نەدەگۆڕدرا.
رونیشیکردەوە گۆڕانکاریی لە نرخى دینار بەرانبەر دۆلار، بووەتە هۆى زیادبوونى تێچووەکان، چونکە گرێبەستەکانى وەزارەتى کارەبا بە دۆلارە.
بەوتەى وەزیرى کارەبا، ساڵى 2020 بەگشتى هەر کیلۆواتێک کارەبا نرخەکەى 23 دینار بووە، لەکاتێکدا تێچووى راستەقینەى 71 دینار بووە.
گۆڕانکاریی لە نرخى کارەبا هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەى وادەى پێدانى دابەشکردنى کارەبا بە کەرتى تایبەت، بە ئامانجى دەستبەرداربوونى حکومەت لەو پڕۆسەیە و پێدانى بە کۆمپانیاکان.
وەزیرى کارەبا ئاشکرایکرد، بڕیارە کۆمپانیاکان هەتا 15ى شوبات ئۆفەرى خۆیان لەو بارەیەوە پێشکەش بکەن.
وتیشى "سەرەتا شەش کۆمپانیا بوون کە هاتبونەتە پێشەوە، هەندێکین کشاونەتەوە و سیانیان ماونەتەوە".
بەپێی پڕۆژەى پێدانى کارەبا بەکەرتى تایبەت، زۆربەى پرۆسەى دابەشکردنى کارەبا و چاکسازیی لەو کەرتە و کۆکردنەوەى پارەى کارەبا دەدرێتە دەست کەرتى تایبەت، پڕۆسەکانى تریش بەدەست حکومەتەوە دەمێنێتەوە.
لەبارەى گۆڕانکاریی لە پێدانى کارەبا، وەزیرى کارەبا رایگەیاند، ئێستا بەگشتى رۆژانە لەنێوان 12-13 کاتژمێر کارەبا دەدرێت، مانگى دوو تا ناوەڕاستى مانگى سێ گۆڕانکاریی تێدا ناکرێت.
وتیشى "بەڵام دواى ئەوەى گۆڕانکاریی باش لەکاتژمێرەکانى پێدانى کارەبادا روودەدات، ئەوەش بەهۆى کەوتنەکارى چەند وێستگەیەکى نوێ و هاوردەکردنى کارەبا لە تورکیاوە".
بەوتەى وەزیرى کارەبا، پار ساڵ بەگشتى 17 کاتژمێر کارەبا دراوە، ئەمساڵیش زیاتر دەبێت.