گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

گەیشتنى ڤاکسین و توندکردنەوەى رێوشوێنەکان

عێراق دەچێتە ’قۆناغێکى نوێ’وە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆرۆنا

2021.02.07 - 20:48
App store icon Play store icon Play store icon
عێراق دەچێتە ’قۆناغێکى نوێ’وە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆرۆنا

ناس کورد-

وەزیرى تەندروستى عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەى کۆتایی ئەم مانگە دەچێتە قۆناغێکى نوێوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆرۆنا، جەختیشدەکاتەوە لەسەر تونکردنەوەى رێوشوێنەکان لەو بارەیەوە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

حەسەن تەمیمى ئەمڕۆ (یەکشەممە) لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسى فەرمى عێراق کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە ئاماژەى بەوە کردووە، چەند راسپاردەیەکیان بۆ لیژنەى باڵاى تەندروستى و سەلامەتى بەرزکردووەتەوە بۆ توندکردنەوەى رێوشوێنەکان، دواى بەرزبوونەوەى ژمارەى توشبووان.

 

وتیشى پشتگوێخستنێکى گەورە هەیە لەلایەن هاوڵاتییانەوە بۆ رێکارەکانى خۆپارێزى، لەکاتێکدا لە زۆرێک وڵات داخستنى تەواوەتى راگەیەنراوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنى دۆخەکە.

 

تەمیمى جەختیکردەوە کە پێویستە دامەزراوە گشتی و تایبەتەکان پابەندبن بە رێنماییەکانى وەزارەتى تەندروستى، بەتایبەت کە لەکۆتایی ئەم مانگە نزیکدەبنەوە و ڤاکسین بەردەستدەبێت و دەچنە قۆناغێکى نوێى بەرەنگاربونەوەى پەتاکەوە.

 

وەزیرى تەندروستى باسى لەوەشکرد، ژمارەى ئەو توشبووانەى دۆخیان ناجێگیرە زیادیکردووە، لەگەڵ زیادبوونى ژمارەى ئەوانەى رەوانەى نەخۆشخانەکانى تایبەت بە کۆرۆنا کراون، کە بەوتەى ئەو، ئەوە ئاماژەیەکى مەترسیدارە و پێویستە رێوشوێنەکان توند بکرێنەوە.

 

دەشڵێت، گرنگترین خاڵ پرسی توندکردنەوەى رێوشوێنەکانە بەتایبەت لە مۆڵ و بازاڕ و قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکان.

 

تەمیمى ئەوەشى خستووەتەڕوو، راسپاردەکانیان بۆ لیژنەى باڵاى تەندروستى و سەلامەتى جەختکردنەوەیە لەسەر سیستەمى دەوامى یەک رۆژە لە وەزارەتى پەروەردە لە هەفتەیەکدا، دوو رۆژ بۆ زانکۆ و پەیمانگاکان، قەدەغەکردنى گردبونەوە و نوێژى بەکۆمەڵ و چوونى هەر سەردانکەرێک بۆ شوێنە پیرۆزەکان ئەگەر دەمامک نەبەستێت، لەگەڵ قەدەغەکردنى پرسە و ئاهەنگ.