ناس کورد-
سەرۆکى ولایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا ئاشکرایکرد، ئیدارەکەى ئەو سزایانە هەڵناوەشێنێتەوە کە ئیدارەى پێشوو بەسەر ئێراندا سەپاندوویەتى، ئەگەر ئەو وڵاتە پرۆسەکانى پیتاندنى یۆرانیۆم ڕانەگرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمەریکا (7ى شوباتى 2021) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى CBSى ئەمەریکى کە "ناس کورد" بەدواداچونى بۆ کردووە سەبارەت بە ئەگەرى هەڵگرتنى سزاکانى سەر تاران رایگەیاند، ئیدارەکەى نیازى ئەوەى نییە سزاکانى سەر ئەو وڵاتە هەڵبگرێت بۆ ئەوەى بێتەوە سەر مێزى گفتوگۆ یاخود نا.
ڕونیشیکردەوە، پێویستە حکومەتى ئێران پێش هەموو شتێک پرۆسەکانى پیتاندنى یۆرانیۆم لاى خۆیەوە ڕابگرێت.
دواى ئەوەى "دۆناڵد ترەمپ" سەرۆکى پێشووى ئەمریکا لەساڵى 2017 دەسەڵاتى گرتە دەست، یەکەم کارى کشانەوە بوو لە ڕێککەوتنى ئەتۆمى لەگەڵ ئێران، هەروەها هەڵمەتى زۆرترین فشارى بۆ سەر ئەو وڵاتە پەیڕەو کرد و ژمارەیەکى زۆر سزاى ئابوریى بەسەردا سەپاند.
ترەمپ تارانى بەوە تۆمەتبار دەکرد کە ڕێککەوتنى ئەتۆمى پێشێلکردوە و هەوڵى بەدەستهێنانى چەکى ئەتۆمى دەدات، هەروەها جەختیلەوە دەکردەوە کە ئەو وڵاتە گەورەترین پاڵپشتیکەرى تیرۆرە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و سەقامگیرى ناوچەکەى تێکداوە.
بەڵام دواى ئەوەى لە سەرەتاى ئەمساڵدا جۆ بایدن لەسەر پشکى دیموکراتەکان دەسەڵاتى سەرۆکایەتى ئەمریکاى گرتە دەست، کە خۆى یەکێک لە ڕێکخەرانى ڕێککەوتنى ئەتۆمى لەگەڵ ئێراندا لەسەردەمى ئیدارەى باراک ئۆبامادا، هیوایەک هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنەکە و لابردنى سزاکانى سەر ئێران.